گرنگ

بۆچى پارتى و یه‌كێتیى ده‌یانه‌وێت ته‌مه‌نى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان بۆماوه‌یه‌كى زۆر درێژ بكه‌نه‌وه‌؟

2022-09-25

 
بۆچى پارتى و یه‌كێتیى ده‌یانه‌وێت ته‌مه‌نى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان بۆماوه‌یه‌كى زۆر درێژ بكه‌نه‌وه‌؟
 
ئه‌و هۆكارانه‌ ته‌مه‌نى په‌رله‌مان بۆماوه‌یه‌كى زۆر درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌ چین؟
 
نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانی، له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان و حكومه‌تن
 
چه‌ند رۆژێكى کەمی ماوه‌ به‌سه‌ر تێپه‌ڕبوونى ته‌مه‌نى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، كارانه‌كردنه‌وه‌ى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسى هه‌رێم و هه‌موارى یاسایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بووه‌ رێگرى و بیانوویه‌ك بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ واده‌ى یاسایى خۆیدا.
 
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ نێوشیان پارتى و یه‌كێتیى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وه‌ك لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دواخستنى هه‌ڵبژاردن و درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مانى كوردستانن، به‌ڵام هه‌ر یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ نایه‌وێ به‌ ئاشكرا خواسته‌كانیان بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردن بۆ راى گشتیى بخه‌نه‌ڕوو، هه‌ر بۆیه‌ش بیانوى جۆراو جۆریان دۆزیه‌وه‌ له‌ پێناو دواخستنى هه‌ڵبژاردن.
 
تاوه‌كو ئێستا به‌ فه‌رمى هیچ پڕۆژه‌یه‌ یاسایه‌ك بۆ درێژكردنه‌وه‌ى واده‌ى ته‌مه‌نى ئه‌و خوله‌ى په‌رله‌مان پێشكه‌ش نه‌كراوه‌، لایه‌نه‌كان له‌ ژێره‌وه‌ باس له‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردن و ته‌مه‌نى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ن له‌ نێوان شه‌ش مانگ بۆ دوو ساڵ، به‌ڵام خواستى زۆربه‌ى لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌یه‌ بۆماوه‌ى 18 مانگ بۆ دوو ساڵ بێت.
 
هه‌رچه‌نده‌ پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ راگه‌یاندن و كۆبوونه‌وه‌ ئاشكراكان سووربوونى خۆیان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان پارتى دیموكراتى كوردستان به‌هۆى سێ هۆكار نایه‌وێ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌كاتى خۆیدا، یاخود له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا ئه‌نجامبدرێت به‌هۆى چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه‌:
 
یه‌كه‌م؛ پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌وه‌یان نه‌شاردۆته‌وه‌ به‌هۆى بوونى قه‌یرانى دارایى و كۆڕۆنا و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى سیاسى و یاسایى و ئابوورى له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا نه‌توانراوه‌ به‌رنامه‌كانى كابینه‌کەى مه‌سرور بارزانى، جێبه‌جێبكرێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان بۆ جێه‌جێكردنى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌رفه‌تى ساڵێك بۆ دوو ساڵ بدرێت به‌ حكومه‌ت.
 
دووەم: ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ى چوارده‌هه‌مى پارتى دیموكراتى كوردستان هۆكارێك ده‌بێت بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر به‌و پێیه‌ى پارتى نایه‌وێ بچێته‌ نێو هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌، كه‌ به‌هۆى ناكۆكى و توڕه‌ییه‌كانى كۆنگره‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر دەرەنجامەکەی هه‌بێت.
 
هۆكارى سێهه‌میش خواستى پارتى بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ ئه‌ویش نایه‌وێت هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ى خۆى ئه‌نجامبدرێت هه‌م له‌ پێناوى درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى له‌ خولى یه‌كه‌م هه‌میش نادیارى داهاتووى سیاسه‌تكردنى له‌ نێو پارتیدا.
 
هه‌ر چى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستانه‌، یاسایى هه‌ڵبژاردنى كردۆته‌ بیانوویه‌ك بۆ درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان به‌هۆى زۆرینه‌ى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ڵام بێئاگان له‌وه‌ى له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مانى كوردستان دووباره‌ زۆرینه‌كه‌ى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌و زۆرینه‌ییەی پارتى له‌ په‌رله‌مان نه‌مێنێت، به‌هۆى یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.
 
یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان خه‌ریكى ئاماده‌كردنى ره‌شنووسى پڕۆژه‌ یاسایه‌كه‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ خواستى ئه‌وه‌یه‌ ته‌مه‌نى په‌رله‌مان لانیكه‌م بۆماوه‌ى 18 بۆ 2 ساڵ درێژبكرێته‌وه‌، چونكه‌ دۆخى ناوخۆى ئه‌و حزبه‌ و ره‌وشى سلێمانى و ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى تازه‌ و ستافى نوێ له‌ ئێستادا له‌ بارنییه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هیچ جۆره‌ هه‌ڵبژاردنێك له‌ واده‌یه‌كى نزیكدا.
 
به‌پێى زانیارییه‌كان، یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان پێیوایه‌ درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك كه‌مه‌، به‌و پێیه‌ى پێیانوایه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى له‌سه‌ر پرسى یاساى هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆن پێویستیان به‌ ماوه‌یه‌كى زیاتره‌.
 
هه‌رچى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیشه‌ له‌ زارى موسته‌فای سه‌ید قادر، سه‌رۆكى تیمى گۆڕان له‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ته‌مه‌نى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ درێژبكرێته‌وه‌، چونكه‌ شكستى گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنى عێراق و كێشه‌ ناوخۆییه‌كان وایكردووه‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ دۆخى له‌ هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان خراپتربێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color