گرنگ

حکومەت و دامەزراوەکانی عێراق، لەسەر زمانی کوردی پابەندی دەستوری عێراق نابن

2023-02-21

 
حکومەت و دامەزراوەکانی عێراق، لەسەر زمانی کوردی پابەندی دەستوری عێراق نابن
هیچ وەزارەتێکی عێراق، کار بەزمانی کوردی ناکات
کۆمپانیای گۆگڵ و مێتا چۆن زمانی کوردیان بەکار هێنا؟
دوای نزیکەی ۱٨ ساڵ لە پەسەندکردنی دەستوری عێراق، کە لە مادەی چواری دەستورەکە زمانی فەڕمی عێراقی بە عەرەبی و کوردی دیاری کردووە. تا ئێستا دامەزراوە فەڕمیەکانی عێراق کار بە بڕیارەکە ناکەن و لە کۆی چوار ماڵپەڕی سەرۆکایەتی لە عێراق تەنها هەردوو سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی عێراق زمانی کوردی لە ماڵپەڕەکانیان هەیە. هەردوو سەرۆکایەتی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەری تەنها زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە ماڵپەڕەکانیان هەیە.
هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی ناوەند، زمانی کوردی لەسەر ماڵپەڕەکانیان نییە و تەنها لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەکوردی لەسەری نوسراوە وەزارەتی ناوخۆو هەموو وەزارەتەکانی تر لۆگۆکەیان عەرەبی و ئینگلیزییە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کە لە ڕابردوودا زۆرترین کات وەزیرەکانی کورد بوون، زۆرترین بەرکەوتنی هەیە لەگەڵ خەڵکی بیانی، نە لە لۆگۆکەی و نە لە ماڵپەڕەکەی و نە لەسەر تابلۆی باڵوێزخانەو کونسوڵگەرییەکانی لە دەرەوە زمانی کوردی نییە.
میدیای فەڕمی عێراق، دەستور پابەندی کردووە کە هەموو بڵاوکراوە و هەواڵە فەڕمیەکانی بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بێت. بەڵام تەنها تەلەفزێۆنی ئەلعێراقیە بەشێکی پەخشی کوردی هەیە و ڕۆژنامەو بڵاوکراوە فەڕمیەکانی تر هەمووی بەعەرەبین.
یاسای زمانە فەڕمیەکانی عێراق کە لە ساڵی ۲۰۱٤ دەرچووە، وەزارەتی پەروەردەی عێراقی پابەند کردووە لە پاڵ خوێندنی زمانی عەرەبی، زمانی کوردیش وەکو پرۆگرام لە خوێندنگاکانی عێراق بخوێنرێت،. بەڵام تا ئێستا وەزارەتەکە پێوەی پابەند نەبووە.
تا ئێستا بەرپرسانی کورد ئەو پێشێلکارییە دەستوریانەی بەرامبەر زمانی کوردی کراوە بەگرفت نەزانیوە و تەنانەت وەزیرە کوردەکان کاریان لەسەر ئەوە نەکردووە زمانی کوردی بۆ ماڵپەڕو بڵاوکراوە فەڕمیەکانیان زیاد بکەن.
لەئاستی شەقام و ڕاگەیاندنی عەرەبی عێراقیش، زمانی کوردی زۆر فەرامۆش کراوە جگە لە تەلەفزیۆنی ئەلعێراقیەی کوردی تەنها ماڵپەڕی ئابوری میقراب شەرق و پێگەی سابرین نیوز کە لە حەشدی شەعبی نزیکە بڵاوکراوەی بە زمانی کوردی هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە زۆربەی ڕاگەیاندنە کوردییەکان بەشی عەرەبیان هەیە بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی پارتی و یەکێتی و تەنانەت کەناڵی ئاسمانیشیان هەیە پەخش بەزمانی عەرەبی دەکات.
لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە حکومەتی ئەمەریکا لەڕێگەی دەنگی کوردی ئەمەریکاوە بەشی زمانی کوردی هەیە و لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش لە تورکیا ماڵپەڕی ئاژانسی ئەنادۆڵی فەڕمی بەشی زمانی کوردی بە سۆرانی هەیە و تەلەفزیۆنی تەرەتە پەخشی بە کوردی کرمانجی هەیە، بەڵام لە ژێر سانسۆری دەوڵەتدا.
لە ئێران تەلەفزیۆنی سەحەر، بەشی کوردی هەیە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدایە و لە ئاژانسەکانی هەواڵ لەو وڵاتە تەنها ئاژانسی میهر بەشی کوردی سۆرانی هەیە.
لە ساڵانی ڕابردوو، پێگەی زمانی کوردی لە ماڵپەڕ و بەکارهێنانە کۆمەڵایەتییە جیهانیەکانی ئینتەرنێت پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە. ئەوەش زیاتر بەهۆی زۆری بەکارهێنەری کورد و هەوڵی چەند کەسێکەوە بووە کاریان بۆ ئەو ناوەندانە کردووە.
کۆمپایای مێتا کە خاوەندارێتی فەیسبوک دەکات، زمانی کوردی سۆرانی و کرمانجی وەک زمانی فەڕمی ئەپڵیکەیشنەکانی داناوە و ماڵپەڕی گەڕانی گۆگڵ لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زمانی کوردی سۆرانی زیادکرد بۆ لیستی زمانەکانی و کوردی سۆرانی لەناو ئەو ۱۳۳ زمانەدایە کە لە پلاتفۆڕمی وەرگێڕانی گۆگڵدا کارایە.
لە ئاستی ناوخۆی هەرێم، زمانی ستاندارد نیەو میدیاو دامەزراوە فەڕمیەکان زیاتر پشت بە زمانی کوردی سۆرانی دەبەستن و لەبادینان بەشێک لەمیدیاکان کوردی کرمانجی بەکار دەهێنن.
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم زۆربەی کارگەکان پابەندی زمانی کوردی نین لەسەر نوسراوی بەرهەمەکانیان و تەنها زمانی عەرەبی بەکاردەهێنن و بەشێکی زۆر لە ڕیستۆرانت و هۆتێل و کافێکان مینۆی خزمەتگوزاریەکانیان و تابلۆکانیان زمانی کوردی لەسەر نییە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color