گرنگ

شەنگال چۆن كەوت؟

2023-08-03

 
شەنگال چۆن كەوت؟
چی لەبارەی كەوتنی شەنگالەوە دەزانیت؟
درەنگانێكی شەوی 2 لەسەر 3ی ئابی ساڵی 2014، گروپێكی چەكدار لە دوو گوندی نزیك شەنگالەوە هێرشەكانی بۆ سەر شارەكە دەستپێكردو دوای چوار کاتژمێر بەرگریكردن لە لایەن خەڵكی ئەو دوو گوندەوە دواجار توانای بەرگریكردنیان نەماو گروپە چەكدارییەكە رووەو شارەكە رۆشتن و بەماوەیەكی كەم كۆنتڕۆڵیان كرد.
ساڵی 2014، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، شارێكی 100 هەزار كەسی لە شەو و ڕۆژێكدا هەرەسیهێنا.
لەو شەو و رۆژەدا هەزاران پێشمەرگەی سەر بە پارتی دیموكراتی کوردستان شارەكەیان جێهێشت. دواتر كەوتە دەست گروپێكی چەكداری، خەڵكەكەی كەوتە دووڕیانی ڕاكردن یان هەڵبژاردنی مەرگ.
قەزای شەنگال، بە دووری 80 كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرئاوای شاری موسڵ، زۆربەی دانیشتوانەكەی ئێزیدین و ناوچەیەكی ستراتیژیی گرنگە، كە بە سێگۆشەی سنوریی نێوان سوریا و توركیا و عێراق دادەنرێت.
بەر لە كەوتنی و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن ئەو گروپە چەكدارییەوە شەنگال لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی کوردستان بوو، ئاسایش و پاراستنی شارەكە لە دەستی هێزەكانی زێرەڤانی و ئاسایشی ئەو هێزەدا بوو.
كاتی كەوتنی شەنگال، نزیكەی 20 هەزار چەكداری زێرەڤانی لە شارەكەدا هەبوون، كە بە ماوەیەكی كەم ئەو هێزە كشانەوەو رێگەیان بۆ هێرشی ئەو هێزە چەكدارییە خۆش كرد.
بە كەوتنی شەنگال، 6 هەزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدی لەلایەن چەكدارانی ئەو گروپەوە ڕفێندران، كە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون و تا ئێستاش سەدان لەو ڕفێندراوانە چارەنوسیان نادیارە.
زیاتر لە هەزار و 200 ئێزیدیش لە كاتی كەوتنی شارەكەدا، بەشێكیان لە ڕوبەڕوبونەوەی چەكدارەكان دوای هەڵاتنی هێزەكانی زێرەڤانی و ژمارەیەكی زۆریشیان بە دیلی كوژران، هەندێكیشیان كۆمەڵوژكران و لەو كاتەوە تا ئێستا بەردەوام گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانییان دەدۆزرێتەوە. كە زیاتر لە 70 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە و هەڵدراونەتەوە.
نزیك بە سێ هەزار مناڵ، بەشێكیان بەهۆی كوژرانی دایك و باوكیان، ژمارەیەكی زۆریشیان بەهۆی ڕفاندنی دایكیانەوە لەلایەن ئەو چەكدارانەوە، بەبێ سەرپەرشتیار و بێ دایك و باوك ماونەتەوە.
كەوتنی شەنگال بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار لە دانیشتوانەكەی، كە بەشی زۆریان لە چیای شەنگال گیریانخوارد و هەزارانی دیكەش بەرەو كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق وسوریا و هەندێكیشیان بە یەكجاری عێراقیان بەرەو دەرەوەی وڵات بەجێهێشت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color