بوار:
بزووتنەوەی جەماوەری دیالە رێگە بە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكرات لەو پارێزگایە نادات و جەختیش دەكاتەوە، دژی هەر بڕیارێكن لەو بارەوە دەربچێت.
عەمار تەمیمی سەرۆكی بزووتنەوەی جەماوەری لە لێدوانێكی رایگەیاند، هەڵوێستی ئەوان روونە، كە رێگە بە كردنەوەی هیچ بارەگایەكی پارتی لە حەوزەی حەمرین لە پارێزگای دیالە نادەن.
عەمار تەمیمی راشیگەیاند، ئەوە تەنیا هەڵوێستی ئەوان نییە، بەڵكو هەڵوێستی خەڵكی هەموو ناوچەكانی پارێزگاكەیەو نایانەوێت بەو هۆیەوە كێشەیان بۆ دروست ببێت.
ئەو لەبارەی رەتكردنەوەی كردنەوەی بارەگای لایەنە كوردییەكان بەتایبەتی پارتی روونكردنەوەی زیاتریداو وتی هۆكاری رەتكردنەوەمان ئەوەیە، كە ئەو لایەنانە بەدرێژایی ماوەی هەژموونیان بەسەر شارەکانی حەوزی حەمریندا، کارەساتیان بەسەر خەڵکدا هێنا، تەنیا لە جەلەولا ٧ هەزار خانوو لەلایەن ئەو لایەنانەوە وێرانکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، شارەکانی حەوزی حەمرین لەژێر ئاڵای حکومەتی فیدراڵیدا دەمێننەوە، هەموو لایەن و پێكهاتەكانی شارەكەش مافی خۆیان هەیەو دەبێت گوێیان لێبگیرێت.