گرنگ

دەستەڵاتی شیعە چۆن کورد و سوننە لە عێراق تەسفیە دەکەن

2023-11-17

 

سەردەمی شیعە وەک سەردەمی پاکتاوکردنی سونەکان
دەستەڵاتی شیعە چۆن کورد و سوننە لە عێراق تەسفیە دەکەن

بنکۆڵکاری و بەدواداچوون هانا چۆمانی
شیعەکانی عێراق لە ساڵەکانی ١٩٢٠وە دەسەڵاتیان وەرنەگرتبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣، دوای رووخانی رژێمی پێشوی عێراق، بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن، شیعەکان بە پشتیوانی ئێران گەڕانەوە نێو مەیدانی سیاسەتی عێراق و لەوکاتەوە بەردەوام هەژموونی شیعە بەرفراوان و بەهێزبوو. لەڕووی، سیاسی، سەربازی، ئابوری و رێژەوە، تاوەکو ئێستاش کە ٢٠٢٣، بەردەوامن لەزیادبوون، بەهۆی ئەوەی دەرفەتی باشیان بۆ رەخساوە، بەتایبەت لەدوای ٢٠٠٣ کە بەردەوام سەرۆک وەزیرانیان لابووە، بۆیە ئێستا لە عێراق باڵادەستی یەکەمن لەرووی، سەربازی، ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەستەڵاتی ئیقلمی و پشتگیری ئێران، ئەوەش بەهۆی لاوازی سونەکان، کێشەی بەردەوامی و ناکۆکی نێوخۆیان، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، چونکە کوردیش بەردەوام لە پاشەکشەداییە بەراورد بە دە ساڵی یەکەمی دوای ٢٠٠٣، بۆیە بۆیە سونە و کوردەکان کە زۆرتر لە ناوچە کێشەکان واتا (سنوری ماددەی ١٤٠) ناکۆکیان هەیە لەسەر خاک، ئێستا هەردووکیان لەوناوچانە رووبەروی کەمی هەژموون بوونەتەوە و ئەو ناوچانەش لەلایەن شیعەکانەوە خەریکی کۆنتڕۆڵدەکرێت، واتا ئێستا دوای زیاتر لە ١٠٠ ساڵ هاوکێشەکە پێچەوان بۆتەوە، شیعەکان باڵا دەستن وسونەکان پەراوێزخراون لە عیراق، بێگومان ئەوەش بە پلان و بەرنامە کراوە، کە ئەندازیارەکەی ئێرانە و جێبەجێکارەکانیش شیعەکانی عێراق.

هەنگاوەکانی لێدان لە سونەکانی عێراق لەلایەن شیعەوە

هەژموونی ئێران لەسەر عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و دەگەڕێتەوە بۆ بوونی نوری مالیکی بەسەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دوو خول (٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤) ئەویش بە قۆناغ و یەکەم هەنگاو وەرگرتنەوەی پۆستە باڵاکان لەسونەکان و تەسفیەکردنیان . دوای بەهێزبوونی مالیکی، وەک سەرۆک وەزیران کۆنترۆڵکردنی سەرجەم جومگەکان دەستی بە پلانەکانی کرد.

هەنگاوی یەکەم: لە سالی ٢٠١٢ کۆمەڵێک بەرپرس، فەرماندە و پاسەوان سونەی بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرد و دورخستنەوە، ئەوانەی نەشیتوانی دەستگیریان بکات و بەرپرسی باڵا بوون، سکاڵای لەسەر تۆمارکردن بە تۆمەتی تیرۆر، بەهۆیەوە رووبەروی دەرپەراندن و راکردن بوونەوە. یەکێک لەوانە رافع عیساوی كەسایەتی دیاری سوننەکان بوو کە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٣ لە حكوومەتەكەی نوری مالیكی وەزیری دارایی بوو.
نوری مالیکی گوتی" رافع عیساوی، بە تێوەگلانی لە پرسی تیرۆر تۆمەتبارە، هەروەها دوای ئەوەی مالیکی چەند پاسەوانێکی رافع عیساوی، دەستگیرکرد، لەبەردەم کامێرا پاسەوانێکیان دانی بەوە داناوە كە دەستی هەبووە لە كاری تیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ جێگری ئەوكاتی سەركۆماری عێراق، تارق هاشمی، بەڵام دواتر دەرکەوت کە دانپێدانانەکە بەزۆر بووە لەژێر ئەشکەنجە و لێدان و فشار، ئەوەش وایکرد تارق هاشمی بەر ئەو هەڵمەتە بکەوێت و ئەوەش یەکەم لێدانی راستەوخۆ بوو لە قوتبی سونەکان لەلایەن شیعەکانەوە لەرێگای نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، دواتر دەرکەوت پلانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بوو کە لەساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن ئەمریکاوە لە فرۆکەخانەی بەغدا کوژرا .
بۆیە لە ساڵی ٢٠١٢ دادگای عێراقی بەتۆمەتی دەست هەبوون لە کاری تیرۆریستی، بەشێوەی نائامادە سزای لەسێدارەدانی بۆ «تاریق هاشمی» و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی دەرکرد، بۆیە ناچار عێراقی جێهێشت و بەتەواوی لەگۆڕەپانی سیاسەتی عێراق دوورکەوتەوە، دواتر تاریق هاشمی رایگەیاند دوای من نۆرەی کوردەکانیش دێت، چونکە مالیکی شەرێکی تایفی دەستپێکردوە بە هاوکاری ئێران دژی سونە و قۆناغی دواتریش دژی کورد دەبێت.
تاریق هاشمی‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ تۆمه‌تباركردنه‌كه‌ی‌ ئامانجێكی‌ سیاسی‌ له‌پشته‌و مه‌به‌ست لێی‌ حوكمكردنی‌ پارتێكی‌ سیاسیی شیعەیە‌ به‌ ته‌نها. راشیگه‌یاند: " له‌ داهاتوودا سه‌ره‌ی‌ سه‌رۆكه‌ كورده‌كانیش دێت، چونكه‌ شیعە و مالیکی ده‌یانە‌وێت به‌ته‌نها خۆیان‌ حوكم بكەن له‌ عیراقدا".
دوای ئەوەی «تاریق هاشمی» عێراقی جێهێشت، فرمانی دەستگیرکردن بۆ رافع عیساوی لە دەرچوو بۆیە ئەویش کە وەزیری دارایی بوو لە ئاداری ٢٠١٣، دەستی لەكاركێشایەوە و هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ ناڕەزایەتیی دژ بە سیاسەتی تائیفی گوتی": نوری مالیكی سیاسەتی تائیفی دژ بە سوننە پەیڕەوی دەکات، دەیەوێت بابەتی تایفی بکاتە تیرۆر و سونەکان تەسفیە بکات". ئەوەش دووەمین لێدوانی سەرکردیەکی دیکەی باڵای سونە بوو کە ئاشکرای کرد سونەکان لەژێر هەنگاویکی نوێی لاوازکردن و بێدەستەڵاتکردنن لە عێراق، لەلایەن شیعەکانەوە.
لەدرێژەی هەڵمەتەکانی شیعە دژی سوننە، لە ساڵی ٢٠١٦ هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە، ئەوکاتەی بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەسیل نوجێفی سەرکردەی سونەکان، کە ئەوکات پارێزگاری ئەوکاتی موسڵ دەرچوو گوایە لە سەردەمی ئەودا و لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ موسڵ لەلایەن داعشەوە داگیرکرا، ئەسیل نوجێفی برای ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق بوو کە دیارترین سیاسەتمەداری پێكهاتەی سوننەکان بوو لە عێراق
نوسەر و چاودێری سیاسیی کورد ئەبووبەکر کاروانی، لە دیمانەیەکی میدیایی گوتی": سونەکان لە عێراق تا ڕادەیەکى زۆر لاواز کراون و ڕۆڵى جارانیان نەماوە، نیمچە ستراتیژەیەکی بەهێزی لێدراوە و کەوتووە، ئەوەش بەپلانکراو بەسێ قۆناغ تاوەکو گەیشتە ئەمرۆ ئەوانیش، لە سەرەتایی ٢٠٠٥ رێگە نەدرا وەک پێویست دەستەڵاتیان هەبێت لەناو حکومەتی عیراق و بەلاوازی بەشداریان پێکرا و ناوهاوسەنگی هێز درەوستبوو لە حکومەت، دووەم، بەشێکیان تۆمەتی تیرۆر و کردەوەی تیرۆریان درایە پاڵ ئەوەش وایکرد کۆمەلێک لەسەرکردەکانیان رابکەن و دووربکەونەوە، هەنگاوی سێیەم هاتنی داعش بوو کە ئەمە هەم سیاسیەن و هەم دیمۆگرافی وهێز و سەربازی و ئابوری زەبرێکی کوشندەی لە سونە دا وئێستا لە ٢٠٢٣ تەواو لاواز بوون "

داعش وەک چەکی دەستی شیعە و قۆناغی دووەم بۆ لێدان لە سونەکان
سونەکان زۆربەی لەناوچەکانیان کەوتە دەستی داعش، بۆیە لەدوای نەمانی گروپی تیرۆریستی داعش لە عیراق سونەکان نەیانتوانی خۆیان بگرنەوە و بەهۆی هێزە شیعیەکان و حەشدی شەعبی، شیعەکان لەرێگای حەشدی شەعبی توانیان زۆرێك لەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەن کە جێ نفوزی سوننەکان بوو، چونکە نەمانی داعش دەرگای وڵاکرد بۆ شیعەکان تا لەروی هێز و دەستەڵاتەوە بگەنە ناوچە نیشینەکان، هەم بەهێزی چەکداری وهەم بە قانون و بەبێ رێگری دەست بەسەر ناوچەکاندا بگرن، ئەویش بە دروستكردنی هێزی حەشدی شەعبی، کە لەسەر فەتوای مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق ''عەلی سیستانی'' بەدروشمی ''لەبەیکە یاحوسێن'' دروستکرا و ئەوەش باڵانسی هێزی هێندەی دیکە بەرزکردەوە بەرامبەر بە کورد و سونە.

دوای ٢٠١٧ و کۆتایی هاتنی داعش، شیعەکان زۆربەی ناوچە سونی نشینیەکانیان کۆنترؤلکرد و ئێستا بۆ سونەکان دەرکەوتووە کە حەشدی شەعبی هێندەی بۆ داگیرکردنی ناوچەکانیان هاتووە هێندە بۆ لایەنی ئەمنی و بەهێزی دەستەڵاتی حکومەت نیە.
لە دوای نەمانی داعش لە ٢٠١٧ بڕیار بوو حەشدی شەعبی ناوچە سونینیشینەکان جێبهێڵێت ، بەڵام نزیکەی ٦ ساڵ تێپەڕی بەسەر نەمانی داعش لەوناوچانە، کەچی حەشدی شەعبی ئامادەنیە ئەو ناوچانە جێبهێلێت، سوننەکان لە سەرەتایی ساڵی ٢٠١٨ هەستیان بەوە کرد کە ئامانجی حەشدی شەعبی مانەوەی هەمیشەییە، هەروەها بچووکردنەوەی دەستەڵاتی سوونە و لێدانە سونە و ناوچەکانیان و گۆراینی دیموگرافیایە، بۆیە بەردەوام سونەکان لەهەوڵەکانیان لەگەڵ وڵاتانی سونی لەسەر هێل بوون بتوانن ئەو دۆخە بگۆڕان بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە بەفەرمی سەرکردە سونەکان هاتنە دەنگ.
ساڵح موتڵەگ، سەرکردەی دیاری سونە و سەرۆكی بەرەی دیالۆگی نیشتمانی لە ساڵی ٢٠١٩ بەفەرمی رایگەیاند، چەکدارانی حەشدی شەعبی، ستەم لە سونەکان و دانیشتوانی ناوچە سونی نیشینەکان دەکەن"، بۆیە داوا دەكەن حەشدی شەعبی لە ناوچەكانیان بكشێنەوە و ناوچە سونی نیشینەکان چۆڵبکەن و بگەڕێنەوە، رادەستی حکومەت و پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانی ناوچەکە بکرێت، بەڵام هەمان رۆژ لە لە ٨ی نیسانی ٢٠١٩ بەفەرمی حەشدی شەعبی لەبەیاننامەیەک رایگەیاند، هەرگیز ئەو ناوچانە چۆڵناکەن و ئەوان هێزیکی قانونی و سەربە حکومەتن، بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق و دەرچوونیشان لە ناوچە سونی نیشینەكان رەتکردەوە.
حەشدی شەعبی کە ئەوکات ئەبوو مەهدی موهەندیس کە لەگەڵ قاسم سلێمانی لە بەغدا پایتەخت کوژرا، رابەرایەتی دەکرا، هەرچەند جیگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بوو، بەڵام بەفەرمی ئەو بڕیار بەدەستبوو، لەپشتی ئەودا قاسم سلێمانی رێنمایی وبریاردەری حەشدی شەعبی بوو، بۆیە لە بەیاننامەیەكدا دەستەی حەشدی شەعبی لە نیسانی ٢٠١٩ وەڵامی ساڵح موتڵەگی دایەوە و رایگەیادن، تۆمەتباركردنیان لەلایەن ساڵح موتڵەگ سەرکردەی سونە کە هاوکات سیاسییەكی عێراقە، پێچەوانەی یاسایە و پێشێلكردنی یاسا و مافەكانی حەشدی شەعبییە، ئەوان بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق و پابەندن بە فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی ھیزە چەكدارەكانی عێراق.
هاوکات باسیان لەوەکرد، قسەكانی ساڵح موتڵەگ سەرکردەی سوننە وەك تۆمەت و ناوزڕاندن لێكدەدەنەوە، هەرئەوکاتیش مەھدی ئامرلی، پەرلەمانتاری ئەوکاتی كوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق داوا یکرد بڕیاری دەستگیركردن بۆ ساڵح موتڵەگ دەربكرێت و گوتی"حەشدی شەعبی ئەو ناوچەی لە دەست داعش رزگار كردووە، كە ساڵح موتڵەگ سەروت و سامانەكەی دزیووە". ئەوەش دۆخەکەی بەتەواوی گۆڕی دەرکەوت کە سونەکان لەدۆخێکی پڕ مەترسیدان لەناوچەکانیان و لەژێر گۆڕینی دیموگرافی و بێدەستەڵاتکردن دان.

قۆناغی سێیەمی لێدان لە سەرکردە سونەکان:

لە دوای داعش و نەمانی کۆمەلێک سەرکردە و کەسایەتی دیاری سوننە، چەند سەرکردیەکی بەهێزی سونە لەگۆڕەپانەکە دروستبوون لەوانە (محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، د.عەلی فەرحان دلیمی، ئیسماعیل حەدید..هتد) لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆكایەتی خەنجەر و تەقەدوم بەسەرۆكایەتی حەلبوسی دوو لیستی سەرەكی پەرلەمان بوون لە پێكهاتەی سوننەکان، توانیان ٥١ کورسی پەرلەمان ببەنەوە، هاوپەیمانی عەزم خاوەنی ١٤ کورسیی و هاوپەیمانی تەقەدومیش ٣٧ کورسی ئەوەش وایکرد بەرێژەیەکی بەهێزی نێو گۆڕەپانی عێراق و سیاسەت ببینرێن.
هاوکات پارێزگاکانی سەلاحەدین و ئەنبار کەدوو پاڕێزگای سونی نیشینن پێشکەوتنی گەورە لەرووی ئاوەدانی، گۆرانکاری، پرۆژە وخزمەتگوزاری تێدا ئەنجامدرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ساڵانیکی زۆر بوو کاری بۆدەکرا لەلایەن كۆ ببنەوە و لە شوێنی محەمەد حەلبووسی پارێزگاری ئەنبار و ئەحمەد جبووری پارێزگاری سەڵاحەدین ، ئەوەش ئاهێکی بەبەر سونەکان هێنابوویەوە و شیعەکانیشێ نیگەران و توڕە کرد، بەڵام پارێزگای نەینەوا کە موسڵ دووەم گەورە شاری عێراق ناوەندی پارێزگاکەیە بەهەمان شێووە کە پارێزگایەکی سوننیە، بەهۆی بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی سونە لاوازبووە و کەمترین خزمەتگوزاری بۆکراوە.
محەمەد حەلبوسی بەر لەبوونی بە پەرلەمانتار و دوای بوونی بەسەرۆکی پەرلەمان، وەک نوێنەری سونەکان هەنگاوی دەنا و تەواوی ناوچە سونینشینەکان و سونەکان پشتیوانی بوون، زۆربەی بۆچوونەکان و میدیاکانی نێووخۆ و دەرەوە باسیان لەودەکرد کە محەمەد حەلبوسى کۆنترۆڵى شەقامى سووننەى کردوە، بەو پێیەى زوو زوو سەردانى شارە سوونەکانى عێراق دەکات و لە نزیکەوە لە خواست و داواکارییەکانیان دەکۆڵێتەوە، بەڵام تائێستا کەمترین کات سەردانى شارە شیعە نشینەکانى کردوە.
جگە لەوەش حەلبوسی لەلای سەرۆک هۆز و عەشیرەتە سونەکان رێزلێگیراوە، رۆژانە پەیتا پەیتا لە سەرانسەرى عێراقەوە سوەنەکان سەردانى ئەو سەرکردە گەنجیان دەکرد. لەسەر ئاستى سیاسیش حەلبوسى بووەتە ناوێکى دیارى سوونەکان ، وەک رەمزێکى تازە هەڵکەوتووە سونە ناسراوە، بۆیە ئەوەش هێندەی دیکە شیعەکانی نیگەران کرد کە کەسێک بتوانیت نوێنەرایەتی سونەکان بکات و یەک دەنگو یەک ئاراستە بن بۆیە ترسیان لەحەلبوسی دروستکرد.

دوای ئەوەی حەلبوسی ئەنباری جێهشت و بوو بە سەرۆکی پەرلەمان، دەستەڵاتەکانی فراوانتر وبەهێزتر بوون، هاوکات لایەنی ماددیی و دەستەڵاتی نێوخۆیی و دەرەکیشی بەهێزتر بوو، بۆیە چەندینجار وەک نوێنەری سونەکان لە ئەنقەرە و ئیمارات و قەتەر، لەلایەن کەسی یەکەم پێشوازی لێکرا و کۆبوویەوە، جگە لەوەی وڵاتانی دیکە وەک سەرۆکی پەرلەمان لەپشکی سونە – سیاسیەکی سونە – سەکردەیەکی نوێی سونە پێشوازیان لێدەکرد، بۆیە ئەمەش خاڵێکی دیکە بوو کە شیعەی هێندەی دیکە نیگەران کرد.

دوای ئەوەی حەلبوسی ئەنباری جێهێشت، بەفەرمی دکتۆر عەلی فەرحان بوو بە پارێزگاری ئەنبار، ئەویش بەردەوام بوو لەسەر پڕژە خزمەتگوزاریەکانی ئەنبار وتەرخانکردنی پارە و پڕۆژەکان و بردنی کۆمپانیایی وەبەرهێنان و خانووبەر، ئاوادانکردنەوە شەقام و رێگاوبان، هاوکات ناوبراو بەردەوام بوو لەهەنگاو نان.

لە ساڵی ٢٠٢٢ عەلی فەرحان، پارێزگاری ئەنبار، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانی، دۆزینەوەی چەندین بیرە نەوتێکی نوێ لە نەخیب و سەرسار لە ئەنبار ڕاگەیاند، تەئكیدی لەسەر دەستپێكردنی هەنگاوە ڕاستەقینەكان لە بوارەكانی فۆسفات بۆ وەبەرهێنان كردەوە، هەروەك میكانیزمی دابەشكردنی 1000 دەرفەتی كاری لەپارێزگاكە رونكردەوە.

عەلی فەرحان ، بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: چارەسەركردنی كێشەی بە بیابانبوون لەپارێزگاكە، جگە حكومەتی ناوەند، پێویستی بەهەوڵ و پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، ئەنبار بەهۆی ناوچە بیابانییە فراوانەكانیەوە جیاوازە لە پارێزگاكانی تر بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی ژینگە و كشتوكاڵ پرۆژە و بیرۆكەی هەیە بۆ چارەسەركردنی بە بیابانبوونی پارێزگاكە و حكومەتی خۆجێی لێكۆڵینەوەی هەیە، بەڵام ئاستی كێشەكە گەورەیە و پێویستی بە هەوڵێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی و پارەیەكی زۆر هەیە.

عەلی فەرحان، باسی لەوەکرد، حكومەتی خۆجێی لە ئەنبار كاری كردووە بۆ دروستكردنی كەش و هەوا بۆ گەڕانی نەوت و بواری ئەمنی بۆ كۆمپانیاكانی پارێزگاكە دابین كردووە و دەرفەتی بۆ رەخساندوون، وەزارەتی نەوت هەنگاو دەنێت بۆ تەواوكردنی گەڕانی نەوت دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە لەگەڵ كۆمپانیای كۆریا، هەروەها فایلی گەڕان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و كۆمپانیاكانی سعوودی و ئەمریكی بە هاوبەشی بەدواداچوون دەكات.

ئەو لێدوانەی کە بۆئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی بوو، ئێران و شیعەکانی نیگەران کرد، ئەوە جگە لەوەی ترسیان لەوە هەبوو کۆمپانیاکانی تورکیا، سعودیە وئەمریکا وڵاتانی دیکەی دژ بەئێران بێنە ئەنبار، هاوکات ناوچەکە کەشێکی ئەمنی لەبارەی هەیە بەهۆی بوونی ئەمریکا و هاوپەیمانان، بۆیە شیعەکان و ئێرانیش نەیانتوانی قبوڵی ئەوە بکەن کە عەلی فەرحان دەیلێت، بۆیە دەستیان بەهەنگاونان کرد دژ بە پاڕیزگاری ئەنبار و تەنانەت پارێزگای سەڵاحەدینیش، بەوەش کۆمەلێک دۆسیەی گەندەلی و تێوەگلانیان وروژاند لەژێر ناوی جیاجیا.
دژ بە ئەنبار سەڵاحەدین دەست بەئەنجامدانی پلانێک کرا، بەگوێرەی زانیاریەکان پلانەکە لەئێران دارێژرابوو، بەڵام دەستەڵاتی شیعەی عیراق جێبەجێکارە ، ئەوەبوو لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢، دەستەی دەستپاكی عێراق جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی لە بەرێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرە لە ئەنبار ئەنجامدا و دواتر ڕایگەیاند، لە ئەنجامدا بەڕێوەبەر و ژمارەیەك بەرپرس و فەرمانبەر دەستگیرکراون، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی سەدان كەس بە ناسنامەی ساختەی سەر بە سەندیكایەك، بەدەستهێنانی دەیان هەزار دۆسێی خانووبەرە كە بە شێوەیەكی نایاسایی خاوەندارێتییان کراوە، هەروەها کۆمەلێک بەرپرسی شارەکە و سنوری پارێزگاکە تێوەگلاون عەلی فەرحانی پارێزگاریش یەکێک بوو لەوانە.
دەستەی دەستپاكی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا، دادگای تاوانەكانی دژ بە گەندەڵی ناوەندی فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ عەلی فەرحان، پارێزگاری ئەنبار دەركرد، بە تۆمەتی گەندەڵی و زیانگەیاندن بە سامان و موڵكی گشتی، هەروەها سەرپێچییەكانی لە بەرێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرە.
ئاماژەی بەوەشكرا، گوایە پارێزگاری ئەنبار هەستاوە بە دابەشكردنی چەند پارچە زەوییەك بەنایاسای لە ناوچەكانی دەوروبەری فڕۆكەخانەی ئەنبار، وەک هەنگاوێک بۆ لێدان لە دەستەڵاتی سونە لەو پارێزگاییە، کۆمەلێک بەرپرس و بەرێوەبەری دیکە لە پارێزگاکە دورخرانەوە بانگهێشت کران و زیندانیکران و سزادران.

هەر لەوچوارچێوەی هەمان هەنگاو و پلاندا، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، سەرۆکی دیوانی وەقفی سونی بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، گوایە بەهۆی ئەوەی لە پارەی دیوان میوانخانەیەکی کڕی و دواتر لە زیندان هەڵهات و لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە پارێزگای موسڵ گیانی لەدەستدا.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق، لە تەمموزی ئەمساڵ لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکردووە، دادگای تاوانەکانی سەڵاحەدین بە تۆمەتی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەشی ئەندازیاری لە دیوانی وەقفی سونی بە ١٧ ساڵ زیندانی سزاداوە، چونکە بەهۆی بڕیارەکانی ئەو بەرپرسەوەکۆی گشتی یەک ملیار و ٥٣٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی بەفیڕۆدراوە و پارەکەش لە زیادەڕۆیکردنی منارەی ئاسنی مزگەوتەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بەفیڕۆ چووە.

هەنگاوەکانی دژ بە سوونە گەیشتنە کەرکوک، رۆژی ١٨ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، دەستەی دەستپاکی عێراق، بەفەرمی بەرپرسی هۆبەی وەبەرهێنانی لە دەستەی وەقفی سونی لە کەرکوک دەستگیرکرد، بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل. ئەوەش هەنگاوێکی دیکە بوو لە لێدان لە سونەکان و دانانی ئەوکسانە لە شوێنیان کە لە سیاسیەت و ئایدی شیعە نزیکن، وەک هەنگاوی یەکەم و هەروەها کێشەیان لەگەڵ سیاسەتی شیعە نیە و هاوکات لێدانە لە پێگەی سونەکان.

جگە لەمانە بەردەوام دەزگای هەواڵگری عیراق لەبەغدا و موسڵ دەستگیرکردنی بەرپرس و ئەفسەری سەربازی و پۆلیس لەناو حکومەت و وەزارەتەکان رادەگەیەنێت کە گوایە کاری نایاساییان کردوە بەرتیلیان وەرگرتووە و ڤیدیۆکانیان بلاو دەکەنەوە، بەگوێری زانیاریەکانی میدیا سونییەکان زۆرینەیان کەسایەتی وپلەداری سەربازی وبەرپرسی حکومی سوننەن و ئەوەش بەشێکی دیکە لە تەسفیە کردنی سونە لەناو حکومەت و لە بەغدا.
هەنگاوەکان گەیشتنەوە لوتکەی کەسایەتیەکانی سونە
هەنگاوەکان گەیشتنە محمەد حەلبوسی و جارێکی دیکە لوتکەی سونەکان دەکرێتە ئامانج، لە دواین هەنگاودا میدیاکانی عیراق بەتایبەت ئەوانەی نزیکن لە شیعەکان بڵاویانکردەوە کە دەستەی دەستپاكی عێراق لە موڵك و ماڵی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هاوسەرەكانی دەكۆڵێتەوە، گوایە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لە میدیا عێراقییەكانی نزیک شیعەکان و سەربە شیعەکاندا بڵاوبووەتەوە، فەرمانگەی خۆپاراستن لە دەستەی دەستپاكی عێراق، دەستی بە جمووجۆڵ كردووە بۆ ئاشكراكردنی موڵك و ماڵەكانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و هەردوو هاوسەرەكەی.
بەگوێرەی نوسراوەكەی فەرمانگەی خۆپاراستن كە ئاڕاستەی نوسینگەی روبەڕوبونەوەی سپیكردنەوەی پارە و هاوكاریكردنی دارایی تیرۆر كراوە، داوا دەكات زانیارییان بدەنێ‌ لەبارەی موڵك و ماڵ هەژماری بانكیی (محەمەد رێكان حەدید عەلی حەلبوسی) و هەردوو هاوسەرەكەی (هبە محەمەد عەبدولعەزیز) و (نوار عاسم محەمەد) لە لەوڵاتانی (ئوردن و بیلاروسیا)

دواجار بەدەر لەو دۆسیانە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەر خەنجەری دۆستە نزیک و هاوڕی کۆنەکانی کەوت، ئەوەش دوای ئەوە هات کە لەیس مستەفا دلێمی ئەندامی پێشووی پەرلەمان لە هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی(تەقەدوم)ی سەربە محەمەد حەلبوسی، بەڵام لە ساڵی رابردوو لەلایەن حەلبوسیی لە هاوپەیمانێتییەکە و پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە.
دلێمی، لەدژی ئەو هەنگاوە لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای دژی حەلبوسی تۆمارکرد، بەوەی فەرمانی پەرلەمانی ژمارە 5 لە ڕۆژی 5-1-2023 هەڵبوەشێنرێتەوە، کە کۆتایی هێنابوو بە ئەندامێتی لە پەرلەمان، هەروەها لە سکاڵاکەیدا حەلبوسی تۆمەتبارکردبوو بە ساختەکردنی داوای دەستلەکارکێشانەوەکەی.
بێگومان شیعەکانیش پشتیوانیان لە لەیس مستەفا دلێمی کرد و هاوکاری بوون لەژێرەوە و ئاسانکاریان بۆ کرد تاوەکو هەنگاوەکانی دژ بە حەلبوسی بکاتە پراکتیکی وئەوەشیکرد و ئەنجامی خۆی و بەدڵی شیعەکان پێکا و حەلبوسی لە کورسی پەرلەمانی لە سەرۆکایەتی هێنرایە خوارەوە.

محەمەد حه‌لبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە ساڵی 2018ەوەپۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، توانی زۆرترین دەنگی سونییەکان بەدەستبهێنێت و وەک سەرۆکی پەرلەمان بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرایەوە، کە تاکە سەرۆک پەرلەمانە لە دوای سالێ ٢٠٠٣ دوو خول بەدوای یەک پەرلەمانتارا بێت،. بەڵام رۆژی سێشەممە 14-11-2023، دادگای فیدراڵی عێراق، لەسەر سکاڵاکەی لەیس دلێمی، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان هێنا.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە دژی حەلبووسی لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو، دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پابەندبن پێیەوەو قابیلی تانەلێدان نییە، و محەمەد حەلبوسی لەدوای بڕیاڕەکەوە شۆکبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی راگەیاند و گوتی“زیاتر لە پێنج ساڵە وەک سەرۆکی پەرلەمان کار دەکەم، هەوڵمداوە چارەسەری ئەو کێشانە بکەم کە له‌ وڵاتدا هه‌یه‌، لەوانەش کێشەی تائیفی، نەتەوەیی، ئەمنی، تیرۆریستی و خزمەتگوزاری و هەمومان هەوڵماندا شتەکان راست بکەینەوە”.

حەلبوسی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێمە سەرمان سوڕماوە لە دەرکردنی ئەو جۆرە بڕیارانە، نازانین ئەمجۆرە بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی لە کوێوە ئاڕاستە دەکرێن، رێوشوێنی یاسایی بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکان دەگرینەبەر”.

لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سونەکان جارێکی دیکە، سەرکردەیەکی گەورە و بەهێزیان لەگۆڕەپانەکە دورخرایەوە و بۆیە دەیانەوێت ئەمجارە رێگری لەو هەوڵانە بکەن لێ پێشتر بەسەریاندا تێپەڕێووە، هەر ئەمڕۆ دوای بڕیارەکەی دادگای خەمیس خەنجەر سەرۆکای هاوپەیمانی سیادە، داوای کۆبونەوەی بەپەلەی سەرکردە و نوێنەرانی ناوچە سوننەکان دەکات بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو، داواشی لە سەرکردە و نوێنەرانی "ناوچە ئازادکراوەکان" کە مەبەست لێی ناوچە سوننەنشینەکانە، کۆبونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو.

هەروەها وەک یەکەم هەڵوێست حزبی تەقەدوم بڕیاریدا چیتر بەشداری لە کۆبونەوەکانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت نه‌كات و بڕیاریشی دا به‌ دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی و دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی لە سەرۆکایەتی لیژنەکانی پەرلەمان. هەروەها وەزیرەکانی خۆی لە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی هەریەک لە محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالد بەتال نەجم، وەزیری پیشەسازیی و ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری، بڕیاریاندا دەستلەکاربکێشنەوە.

ئەو هەنگاوەی دادگای فیدراڵی گورزێکی گەوربوو هەنگاوێکی دیکە بوو لە لێدان لە سوونەکانی عێراق و هاوشێوەی سەرکردەکانی دیکەی سوونە لە عێراق لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو بە دیاریکراوی لەدوای ساڵی ٢٠١٠ واتا ١٣ ساڵە پرۆسەکە بە چری و بەپلان بەردەوامە.

بەگوێرەی شیکاری ئەو هەنگاوانەی سەرەوە دەردەکەێت ئەو رووداوانە هیچیان لەخۆیەوە نیە بەڵکو لە چوارچێوەی لێدان و لاوازکردنی سونەیە لەعێراق، بەتایبەتیش سەرکردەکانی سونە و دەستەڵاتی سونە لە عێراق. تەنانەت لەو پارێزگایانەی کە بەدەست سونەوەن و شیعە هیچ بوونی لەوێدا نەبووە لە رابردوو ئێستا خەریکە دەستی بەسەردا دەگرن.

هەموو ئەوانە لەکاتێکدان کە لەماوەی ١٣ ساڵی رابردوو، هیچ سەکردەیەکی باڵای شیعە و کەسایەتی شیعە و پلەداری شیعە لەناو دەزگا حکومیەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکراوە و دەستگیر نەکراون و بانگهێشتی دادگاکان نەکراون، لەکاتێکدا بەگوێرەی زانیاری میدیاکان باس لەوە دەکرێت کە نزیکەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلاری لەماوەی ٢٠ ساڵدا لە عێراق دیار نەماوە و دزراوە وهاوکات دواین گەندەڵی و دزی کە بە دزی سەدە ناسراوە دزینی ملیاران دۆلار بوو لە بانکی مەرکەزی لەرێگای کۆمپانیایی وەهمیەوە، کە تاوەکو ئێستا نازانێت چۆن و بەچ رێگایەک ئەو پارەیە دزراوە

هەرێمێک بۆ سونەکان
سونەکان هەوڵیاندا رێگایەکی نوێ تاقیبکەنەوە، ئەویش بیرۆکەی هەرێمی سونە لەعێراق هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی عێراقی کوردەکان، لەمێشک و زیهنی سەرکردە سونیەکان دروستبوو بۆ پارێزگاری لەناوچەکانیان و سونەکان، بەڵام ئەوە وەک کوفرێکی سیاسی لای شیعەکان تەماشا کراو بەتەواوی رەتکرایەوە و دژی وەستانەوە،گوتیان، ئەوە هەوڵێکە بۆ دابەشکردنی عێراق، دروستکردنی هەرێمێک بۆ سونەکام بیرۆکەیەکە کارێکە هەرگیز نابێت وناکرێت.
هاوکات باس لەوە دەکرێت، یەکێک لە کێشەکان وناکۆکیەکانی شیعە لەگەڵ محەمود حەلبوسی لەسەر ئەوە بووە کە پێیان واییە لەماوەکانی رابردوو جگە لە پەیوەندی هەرێمایەتی لەگەڵ وڵاتانی سوونە بەتایبەت تورکیا، سعودیە و ئیمارات هاوکات کاری کردوە بۆ پلانی هەرێمی سوونەکان لە عێراق.

ئەمین بەکر، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، "باکگراوندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سیاسیە هەرچەندە حەلبوسی تۆمەتبارە بە ساختەکاری، بەڵام بێگومان ئەو بڕیارە گورزێکی گەورەیە لە حەلبوسی و قورسە هەڵسێتەوە.

ناوبەناو حەلبوسی لەکۆڕ و کۆبوونەوەکانی تایبەت وگشتی باسی دروستکردنی هەرێمی سونەی دەکرد، بۆیە گومان دەکرێت پاڵنەری سیاسی لە پشت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە هەبێت. بۆیە ئەمین بکەر دەلێت: رەنگە ئەوە یەکێک بێت لە هۆکارەکانی پشت بڕیارەکە.

هێزە شیعیە دەسەڵاتدارەکانی عێراق پێیانوایە کە عێراق بەم شێوەیەی ئێستاش کە هەیە بەڕێوەناچێت، دەبێت دەستەڵات هەمووی لەبەغدا بێت وئەوان بڕیاردەربن بەسەر هەموو عێراق لە حاجی ئۆمەرانی هەرێمی کوردستان کە کۆتا خاڵی سنوری عێراق لەباکور تاوەکو بەسڕا و سنورەکانی دیکەی عیراق لەکۆتا خاڵ و فاو، هەمووی دەبێت بڕیار لە بەغدا وەرگرن و دەستەڵاتی عێراق مەرکەزیتر بێت و بڕیاردانی سیاسیشی لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە بونیاد بنرێت، ئەوەش لەبەرژوەندی شیعەیە چونکە زۆرینەن.

لە خولی رابردوو چەند پەرلەمانتار و سیاسیەکی شیعەکان ئەو بابەتەیان بەئاشکرا وروژاند کە ئەو دابەشکاریەی هەیە لەنێوان کورد و شیعە و سونە (سەرۆک وزیران بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سونە و سەرۆکی کۆمار بۆ کورد) گونجاو نیە و دەبێت لەداهاتوو لەسەر بنەمای زۆرینە و دەنگ یەکلا بکرێتەوە، بەوپێەش بێت شیعە دەتوانێت هەرسێ پۆستەکە بەدەسبهێنێت وکورد و سونە بێ بەشبکات وبیانکاتە کارمەند و وەزیر و کەمینەی عێراق.
هێزە شیعەیەکان هەلوێستیان بەرامبەر بە دروستکردنی هەرێمی دیکە لە عێراقدا سەدا سەد نەرینیە و دژن، چ بۆ سونەکان وچ هەرێمی بەسرا بۆ شیعەکان، پێیانوایە کە حکومەتێک ئەوان تیایدا زۆرینەن و باڵا دەستن بەدروستکردنی هەرێمی دیکە ناوەندەی دەستەڵاتی شیعە لەبەغدا لاواز دەبێت، دواتر عێراق دەبێتە چەند پارچە و پێکهاتەیەک، بێگومان شیعەش هەرگیز ئەوەی ناوێت، چونکە بەگوێرەی سەرچاوەکان و لێکۆڵینەوەکان شیعەکان دەیانەویط لە دە ساڵی داهاتوو، نەک تەنها نێوچە سوننیەکان بەڵکو هەریمی کوردستانیش کۆنتڕۆڵبکەن، بەتەواوی هەرێمی کوردستان نەمێنێت و ببێتە بەشێک لە عیراق و حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەمێنێت، ئەوەش بێگومان لەرێگای دەستوور و هەموارکردنەوەی دەتوانن.
ئەوەی جێگای سەرنج و رامانە زۆرینەی سەرکردە سونییەکان بەگشت سەرۆک پەرلەمانەکانەوە لەگۆرەپانی سیاسی عێراقدا نەماون و تەمەنێکی کورتیان دەبێت لە سیاسەتی عیراق بۆ نمونە هەریەک لە (مەحمود مشهدانی، ئەیاد سامەرائی، ئوسامە نوجێفی، سەلیم جبوری ئەمان هەموویان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوون بەڵام هیچیان لە گۆڕەپانەکە نەماون و هاوکات، لەکۆتاییدا هەمان چارەنوسیش رووبەروی محەمەد حەلبوسی کرایەوە، ئەوە جگە لە ساڵح موتڵەگ، تاریق هاشـمی، مشعان جبوری، غازی یاوەر...هتد ) هەمویان قۆناغ بە قۆناغ لەسیاسەتی گۆڕەپانی عێراق دورخرانەوە، لەکاتێکدا سەرکردەکانی شیعە هیچیان لە گۆڕەپانەکەوە لەرێگای دادگا یان هەر هۆکاری دیکەی سیاسی تۆمەت وتاوان دورنەخراونەتەوە و زیاتر لە ٢٠ ساڵە سیاسەت دەکەن لە عیراق و بەردەوام لە فراوانبوون وگەشە سەندندان.

ئەنجامی کۆتایی
لە بەدواداچوونی ئەم شیکارییە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سوننەکان لەحاڵەتی لاوازی خۆیاندان و تەنانەت ناتوانن پاریزگاری لەناوچەکانیشان بکەن، بۆیە بەتەواوی لەلایەن شیعە بە پلان وپشتیوانی ئێران گەمارۆدراون، رەنگە بۆ دە ساڵی دیکە موسڵ و چەندین ناوچەی سونە نشین لە سنوری ماددەی ١٤٠بەتایبەت لە سنوری نەینەواو، کەرکوک، حەیجە و دوزخورماتوو دیالە بەتەواوی لە سوونەکان لاواز بکرێت و دەیان قەزا وناحیە لە سونەکان وتەنانەت کوردیش دابماڵرێت لەرێگای گۆڕینی دیمۆگرافیا بەتەواوی بەشیعەکردنی ناوچەکە

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color