وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی ۷۰۰ هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە و ڕێژەی گەنمی هەر پارێزگایەک بەپێی بڕی بەرهەمەکەی دیارینەکراوە، بەڵکو بە پێی ژمارەی دانیشتوان دانراوە.
ئەو ۷۰۰ هەزار تۆنە لە پارێزگای سلێمانی ۲٨۳ هەزار تۆن و پارێزگای هەولێر ۲۲٨ هەزار و پارێزگای دهۆک ۱٨۹ هەزار تۆنی بۆ دیاریکراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێم، بڕی بەرهەمی خەمڵێندراوی ئەمساڵی هەرێم نزیکەی دوو ملیۆن تۆنە و نزیکەی یەک ملیۆن و ۲٥۰ هەزار تۆن لەدەرەوەی پلانی وەرگرتنی حکومەتی عێراق ماوەتەوە.
حکومەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان کردووە تا ئەو گەنمەی جوتیارانی هەرێم ماوەتەوە وەریبگرن.
بەپێی گرێبەستی نێوان حکومەت و دوو کۆمپانیاکە قەیوان گروپ گەنمی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە جوتیاران وەردەگرێت و خۆشناوگروپ گەنمی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک وەردەگرێت.
بەپێی زانیاریەکانی بوار ، لە ڕۆژانی ئایندە نرخی وەرگرتنی گەنم دیاریدەکرێت و لەلایەن دوو کۆمپانیاکەوە دەست بەوەرگرتنی دەکرێت لە جوتیاران.