حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەڕێی بانکە ئەهلییەکانەوە قەرز بدرێت بە فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێم.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی دارایی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپاردووە پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو قەرز و پێشینانە بکەن کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەهاوڵاتیانی هەرێم دراون. پاشان بەشێوازێکی نوێ دەست بە پێدانی قەرزەکان بکرێتەوە.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگای بانکە ئەهلییەکانەوە قەرز و پێشینە بدرێتە هاوڵاتیانی هەرێم و حکومەت تەنها گرەنتی پێدانەوەی قەرزەکان بکات و چاودێری پڕۆسەکە بێت لەنێوان بانکەکان و هاوڵاتیان.
بە پێی نوسراوێکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، کە لە ۲٤ی مانگی ڕابردوو بۆ وەزارەتەکانی دارایی و کاروباری کۆمەڵایەتی نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە پێدانی قەرز بەهاوڵاتیان کاری حکومەت نییەو کاری بانکەکانەو حکومەت تەنها چاودێر دەبێت بەسەر پڕۆسەکەوە لە نێوان هاوڵاتیان و بانکەکان.
لە ساڵانی پێش قەیرانی دارایی پێشینەکانی خانوبەرە و هاوسەرگیری و پیشەسازی و کشتوکاڵی و قەرزی بچوک بەهاوڵاتیان دەدرا. بەهۆی گرفتە داراییەکانی هەرێم هەموو پێشینەکان ڕاگیران.