# بوار ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، بەپێی رێککەوتن، کورد (فڕاکسیۆنى یەکێتی) دوو ساڵی یەکەم پارێزگاری کەرکووک وەردەگرێت و دواتر دەدرێتە نەتەوەی عەرەب. دوای ئەوە کورد پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە عەرەب وەردەگرێتەوە. پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی بۆ میدیاکان وتى، بۆ کۆبوونەوەی شەوى شەممە، 10ى ئاب رێککەوتنی پێشوەختە کرابوو: "ئەوەی ئێمە بێنیمان کۆبوونەوەیەکی زۆرئاسایی بوو، چونکە کریستیان و لایەنى عەرەبیش سێ ئەندامیان لەگەڵمان بەشداربوون. تەنیا لە برایانی تورکمان ئامادە نەبوون، جێگرەکانی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ ئەوان دانراوە و ئێمە ئامادەین دەنگ بە کاندیدەکانیان بدەین." کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کرا کە 9 ئەندامى ئەنجومەن بەشداریان کرد و 7 ئەندامی ئەنجوومەن بەشدارییان تێیدا نەکرد. پێنچ ئەندامی یەکێتی، سێ ئەندامی عەرەب و ئەندامەکەی کریستیان بەشدار بوون. ئەو ئەندامە عەرەبانەی لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون پێکهاتبوون لە: رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهر عاسی. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. پەروین فاتیح دەڵێت: "هەموو پێکهاتەکان پشکیان لە پارێزگای کەرکووک هەیە و هەموو رێکارەکان بە یاسایی جیبەجێ کراون، لە کۆبوونەوەکەش زۆرینەی ئەندامان بەشداربوون. هەڵبژاردنەکە بە ئاشکرا و نهێنی بەڕێوەچوو، هەردوو پرۆسەکە وەکو یەک بوون." بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەک کەس خۆی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کاندید کرد کە لە نەتەوەی عەرەبە، بۆ پارێزگاریش تەنیا یەک کورد خۆی کاندید کردبوو. لەبارەی پۆستەکانیشەوە، پەروین فاتیح وتی: "بەپێی رێککەوتنەکە، کورد (یەکێتی) دوو ساڵی یەکەم پارێزگاری کەرکووک وەردەگرێت و دواتر دەدرێتە نەتەوەی عەرەب. دوای ئەوە کورد پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا وەردەگرێت."