دادگاى ناوەندیى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، سەر بە سەرۆکایەتیی دادگاى پێداچوونەوەى بەغداد- کەرخ، لە نوسراوێکدا بۆ دەستەى دەسپاکى، ئاماژەى بەوەکردووە، دادگا رۆژى چوارشەممە 14ى ئابى دیاریکردووە بۆ دادگایکردنى تۆمەتبار (نور زوهێر) بە گوێرەى ماددەى (331) لە یاساى سزادانى عێراقى.
نور زوهێر بۆ گەڕاندنەوەى پارە براوەکان بە کەفالەت ئازادکراوە و دادگا داواى لە دەستەى دەسپاکى کردووە تۆمەتبار ئاگاداربکاتەوە لە وادەى دیاریکراو لە دادگا ئامادەبێت.
نور زوهێر، بەتۆمەتبارى سەرەکى بردنى پارەى دانراوى دەستەى باجەکان دادەنرێت، کە لە تشرینى دووەمى ساڵى 2022 ئاشکراکرا و دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە رێگەى پێنج کۆمپانیاى وەهمییەوە و بە چەکى بانکى ساختە راکێشرابوو.
لە چەند رۆژى رابردووشدا، دەستەى دەسپاکى رایگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى لە دزیى سەدە تێوەگلاون گەیشتووەتە 30 کەس.