#بوار مەحمود مەشهەدانی کاندید بۆ سەرۆکی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، "دڵخۆشم زۆرینەی پەرلەمانى عێراق لەبارەی دەستنیشانکردنم وەک کاندید بۆ سەرۆکی پەرلەمان یەکلابووەتەوە." مەحمود مەشهەدانی لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "دڵخۆشم کە زۆرینەی پەرلەمانتاران یەکلابوونەتەوە بۆ کاندیدکردنم بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە." مەحمود مەشهەدانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەڵێن بێت وەکخۆی سپاردەی سەر شانم جێبەجێبکەم." رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و بە تۆمەتی ساختەکردن لە نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێکی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانى عێراق دوورخرایەوە و تا ئەمڕۆ ئەو پۆستە پڕنەکراوەتەوە. پڕنەکردنەوەی ئەو پۆستە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی لە نێوان لایەنە سوننەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام لەم دواییانەدا دوای چەند کۆبوونەوە و گفتوگۆیەک هەموو لایەنەکان رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکى هاوبەش بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.