گرنگ

٧٠ ملیارمان بۆ هەڵبژاردن خەرجکردووەو هەڵبژاردن لەکاتی خۆی دەکرێت

2024-09-22

 
 
وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاماژە بەوەدەكات نزیكەی 70 ملیار دینار بۆ سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەرخانكراوە و تا ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو پارەیە بۆ ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن خەرجكراوە،تا ئێستا ئەنجومەنی كۆمسیاران ناوی كاندیدەكانی پەسەند نەكردووە، جەختیشدەكاتەوە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە بواری ڕایگەیاند: تائێستا ئەنجومەنی كۆمسیاران، ناوی كاندیدەكانی حزب و هاوپەیمانی و كاندیدە سەربەخۆكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند نەكردووە، هەركات ناوەكان پەسەندبكرێن، بە دوای ئەوەدا ڕاستەوخۆ وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، نزیكەی 70 ملیار دینار بۆ سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەرخانكراوە و تا ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو پارەیە بۆ ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن خەرجكراوە، لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردندا، هیچ لایەنێك ئامادە نییە جارێكی دیكە بودجەیەكی هێندە زۆر بۆ هەڵبژاردن تەرخان بكات، بۆیە دووبارە دواخستنی هەڵبژاردن ڕوونادات و ئەو كارە ئەستەمە.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 كەس مافی دەنگدانیان هەیە و هەزار و 198 كاندید، كێبڕكێی مسۆگەركردنی دەنگی ئەو دەنگدەرانە دەكەن، بۆ ئەوەی 100 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان بەدەستبهێنن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color