بوار، تایبەت
لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و باردۆخی عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد، لە كۆبوونەوەكەدا داوا لە ئەندامانی پەرلەمان كرا، هەفتەی داهاتوو دانیشتنێك ئەنجام بدەن بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، شەوی ڕابردوو لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و باردۆخی عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
ئاماژە بەوەشكراوە، چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەكات، ڕۆژی شەممەی داهاتوو كۆبوونەوەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی دەستەی سەرۆكی پەرلەمان و كۆتاییهێنان بە چۆڵی ئەو پۆستە ئەنجام بدرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەنگاوەكانی حكومەت بۆ دامەزراندنی ئاسایش و گەڕاندنەوەی شكۆمەندی دەوڵەت و دەستگیركردنی داواكراوان و ڕادەستكردنەوەیان بە دەسەڵاتی دادوەری بەرزنرخێندران
ڕۆژی 18/5/2024 دانیشتی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەچوو، سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دوو كاندیدی سەرەكی ئەو پۆستە بوون، لە دانیشتنەكەدا دوو خولی دەنگدان بەڕێوەچوو، تیایدا دەنگەكانی سالم عیساوی لە پێش دەنگەكانی مەحمود مەشهەدانییەوە بوو، دواتر پەرلەمانتارانی تەقەدووم لە ناو هۆڵی پەرلەمان گرژی و ئاڵۆزییان درووست كرد، نەیانهێشت كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بۆیە دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.