بوار، تایبەت
وابڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە شاری سلێمانی كۆببتەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە قۆناغەكانی دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، هاوكات كۆبوونەوەكە بەسەرۆكایەتی بافل تاڵەبانی بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، وابڕیارە ئەمڕۆ لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ بەسەرۆكایەتی ( بافڵ جەلال تاڵەبانی) سەرۆكی یەكێتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە قسەو باسكردنە لەسەر چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە بەشێكی كۆبونەوەكە تایبەت بێت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
ئەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەكاتێكدایە كە بەرلە دوو ڕۆژ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبووەو دوای كۆبوونەوەكەش لە راگەیێندراوێكدا یەكێتی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە پرۆسەیەكی سەركەوتوو ناوبرد.