بوار، تایبەت
وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق كۆمەڵێك ڕێوشوێنی بۆ ڕێكخستنی كارەكانی بریكارەكانی خۆراك دەركرد و جەخت كراوەتەوە كە نابێت هیچ بریكارێكی خۆراك لە 500 دینار زیاتر وەربگرێت لە هاووڵاتیان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆمپانیای خۆراكی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویكردووەتەوە كە 12 ڕێنماییان بۆ بریكارەكانی خۆراك دەركردووە بۆ ئەوەی پێوەی پابەند ببن لەوانە نەهێشتنەوەی پێداویستییە خۆراكییەكان بۆ ماوەیەكی زۆر لە كۆگاكان وداواكردن لە هاووڵاتیان كە وەریبگرن بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان، لە هەمان كاتدا پاراستنی پاكوخاوێنی شوێنی بریكارە و بەكارهێنانی پالێت بۆ پاراستنی خۆراك.
ئاماژە بەوەشكراوە، دەبێت بریكارەكان پابەند بن بەو نرخە فەرمیەی كە بۆ پشكی هەر كەسێك دانراوە، كە بە بڕی 500 دینارە، هەر بریكارێك لەو بڕە پارە زیاتر لەهاووڵاتیان وەربگیرێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكریت تا ئاستی لێسەندنەوەی بریكاری خۆراك و پێدانی بە كەسێكی دیكە.
وەزارتی بازرگانی عێراق جەختی كردووەتەوە لە پابەندكردنی بریكارەكان كاتی كردنەوەی دوكانەكانیان و ڕێكخستنی كارتەكان لە خشتەی كەرەستەكاندا و نەفرۆشتنی سەبەتەی خۆراك و شتومەكی چاودێری كۆمەڵایەتی، ئەگەرنا لایەنە كەمتەرخەمەكان لە ڕووی یاساییەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
سیامەند نانەكەلی، بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر، ڕایگەیاندووە كە هەندێك لە هاووڵاتییان بە نامە لە سەرپێچیی هەندێك لە بریكارەكان، لە خراپیی ڕەفتار و پارەی زیادە و خراپ هەڵگرتنی كەرستەكان ئاگادارمان دەكەنەوە، ئێمەش رۆژانە هۆبەی بریكاری و لێژنەی چاودێریی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ڕەوان دەكەین بۆبەدواداچوون لە ڕووی تەرازووی كێشانی بریكارەكان بۆ دڵنیابوون لە زیادبوون و كەمبوونی جۆری بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دراوە.