ئه‌و شانده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه وابڕیاره سبه‌ى یه‌كشه‌ممه، 15ى 12ى 2024، كاتژمێر 11 له وه‌زاره‌تى دارایى عێراق له‌گه‌ڵ ته‌یف سامى كۆببنه‌وه فایلێكیان له ناو كۆمپیوته‌ره‌كه‌یان لایه و وابڕیاره سه‌رجه‌م ئه‌و داواكاریانه‌ى به‌غداو هه‌رێم له‌باره‌ى داهات و خه‌رجى و پشكى هه‌رێم له بودجه و كێشه‌كانى نێوانیان له‌باره‌ى مووچه‌ى سێ مانگى كۆتایى 2024 بیخه‌نه به‌رده‌م ته‌یف سامى. له كۆبوونه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى و ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و ئامانج ره‌حیم، سكرتێرى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و عبدالحیكم خه‌سره‌و، سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوون هه‌ردووك به‌ڕێوبه‌رى گشتى ژمێكارى و خانه‌نشینى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ده‌كه‌ن و له به‌غداش هه‌ریه‌ك وه‌زیرى دارایى عێراق و بڕیكارى وه‌زیرى دارایى و ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوبه‌رى گشتییى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه ده‌كه‌ن. به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى بوار، تاوه‌كو ئێستا ئه‌وه‌ى له لایه‌ن به‌غداوه به ره‌سمى بڕیارى له‌سه‌ر دراوه بریتییه له ناردنى سێ 760 ملیار دینار بۆ مانگه‌كانى 10 و 11 و 12ى 2024 له‌كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان داواى سێ 996 ملیار دینار ده‌كات. هه‌رێمى كوردستان جگه له ناردنى 430 ملیار دینار له رێگه‌ى گواستنه‌وه‌ى پاره له به‌شى 9 بودجه بۆ به‌شى 1ى بودجه له پشكى هه‌رێم چاوى له‌وه‌یه بڕى كورتهێنانه‌كه‌ى دیكه كه زیاتره له 270 ملیار ئه‌ویش پڕبكرێته‌وه بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند پێشنیاز و به‌دیلێكى نوێ ده‌خرێته‌ڕوو. به‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، یه‌كێك له كارته به‌هێزه‌كانى شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیتییه له نووسراوێكى نووسینگه‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق كه له 11ى 12 ده‌رچووه واته له‌ماوه‌ى سێ رۆژى رابردووى ده‌رچووه، كه پشتى به‌ستووه به بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى دواخستنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى پشت به‌ست به مادده‌ى 60ى بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵه‌كانى 2023 و 2024 و 2025 كه له كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى چوارشه‌ممه 11ى 12ى 2024 ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق خرایه‌ڕوو. به‌پێى ناوه‌ڕۆكى مادده‌ى 60 له یاسایى بودجه‌ى عێراق ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى هه‌یه له‌كاتى كورتهێنانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌توانێت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه ئه‌و كورتهێنانه پڕبكاته‌وه ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازى وه‌زیرى دارایى و پلاندانان. به‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، له ئه‌گه‌رى رێككه‌وتن له نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر مادده‌ى 60ى بودجه، یاخود گواستنه‌وه‌ى 430 ملیار دینار به‌شێوه‌ى موناقه‌له و گواستنه‌وه ئه‌وه به ئه‌گه‌رێكى زۆر مووچه‌ى هه‌رسێك مانگه‌كه به‌سه‌ر مووچه‌خۆران وفه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دابه‌شده‌كرێت. ئه‌گه‌رى دووه‌م ئه‌وه‌یه له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا رێكنه‌كه‌وتن و كورتهێنانه‌كه پڕنه‌كرایه‌وه ئه‌وا ئه‌و 760 ملیار دیناره‌ى كه بڕیاره بۆ سێ مانگى كۆتایى 2024 بنێردرێت ئه‌وا ته‌نها ده‌توانرێت مووچه‌ى مانگى 10 و 11 دابه‌شبكرێت