گرنگ

چیرۆکی مووچە لە ۲۰۲٤، هیچ مووچەیەک لە کاتی خۆیدا دابەش نەکراوە

2025-01-03

 

فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوو ۱۰ مووچەیان لە کۆی ۱۲ مووچە وەرگرتووە و هیچ مووچەیەکیان لەکاتی خۆیدا نەنێردراوە. سەرەڕای جێکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق کە ۱۱ تریلیۆن و ٤۷۰ ملیاری بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێم تەرخانکرا و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە پابەندکردنی حکومەتی ناوەند بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام لە ساڵی ڕابردوو تەنها ۱۰ مووچە دراو هیچ مووچەیەک لەکاتی خۆیدا نەدرا. دابەشکردنی ١٠ موچەی ساڵی ڕابردوو بەم شێوەیە بووە: مووچەی مانگی یەک لەدووی مانگی دوو درا و مووچەی مانگی دوو کەوتە ۳۰ی مانگی سێ. مووچەی مانگی سێ لە شەشی مانگی چوار خەرجکرا و مووچەی مانگی چوار لە ۱٥ی مانگی پێنج دابەشکرا. مووچەی مانگی پێنج لە ۱۱ی مانگی شەش هات و مووچەی مانگی شەش لە ۱۰ی مانگی حەوت درا. مووچەی مانگی حەوت زۆر دواکەوت و لە ۲ی ئەیلول خەرجکرا و مووچەی مانگی هەشت کەوتە ٤ی مانگی دە و مووچەی مانگی نۆ لە ۱٨ی مانگی دە دابەشکرا و مووچەی مانگی دە دواکەوت بۆ ۱۷ی مانگی ۱۲. حکومەتی بەغدا تەنها ۷٦۱ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی دە نارد و ۲۳٦ ملیار دینار کورتهێنانی هەبوو و بۆ مووچەی مانگی ۱۱ بەغدا ٦۳۱ ملیار دیناری نارد و ۳۳٤ ملیار کورتهێنانی هەیە و لە دوا ڕۆژی ساڵ بەغدا تەنها ٤٤۲ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ۱۲ ڕەوانەکرد. بەڵام مووچە خۆران و فەرمانبەران دوو مووچەی کۆتا مانگەکانی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووەو بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی بڵاوکردووەتەوە موچەی مانگی ١١ لە لە هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت و چارەنوسی موچەی مانگی ١٢ش بەنادیاری ماوەتەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color