گرنگ

پانۆڕامای ڕووداوەکانی ساڵی ۲۰۲٤، لە بۆردومانی درۆنەوە بۆ هێلکە بارانكردن

2025-01-03

 

یەکەم ڕۆژی ساڵی ۲۰۲٤ ڕۆژی بەیاننامەو ئیدانەکردنی بۆردومانی بارەگایەکی پێشمەرگە بوو لە بناری چیای سەفین لەلایەن گروپە چەکدارە شیعەکان. بۆردومانی درۆن و موشەک لە مانکی یەکی ۲۰۲٤ بەردەوام بوو، لە پێنجی مانگ فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریر و بنکەی هاوپەیمانان و نزیک کونسوڵخانەی ئەمەریکا بەدرۆن بۆردومان کران. شەوی ۱٦ی هەمان مانگ ئێران هێرشێکی موشەکی بالیستی کردە سەر ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی لە هەولێر و لە ئەنجامدا پێشڕەو دزەیی و سەرمایەداریکی مەسیحی و کچێکی پێشڕەو دزەیی و خزمەتکارێکی فیلپینی گیانیان لەدەستدا. لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی یەک لاهور شێخ جەنگی مۆڵەتی بۆ حزبەکەی بەناوی بەرەی گەل لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەرگرت. لە۲۱ شوباتدا دادگای فیدڕاڵی کورسی کۆتای لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە و هەرێمی کوردستانی کردە چوار بازنەی هەڵبژاردن و پارتی بەتوندی بڕیارەکەی ڕەت کردەوە. دادگای فیدڕاڵی، حکومەتی ناوەندی پابەند کرد بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران. لە رۆژی ۳ی ئازار، سەرۆکی هەرێم لە مەرسومێکدا ڕۆژی ۱۰ی حوزەیرانی بۆ هەڵبژاردن دیاری کرد. ڕۆژی ۲۲ی نیسان ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی هەولێری کرد. ئێوارەی ڕۆژی ۲٦ی نیسان بەدرۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و چوار کارمەندی بیانی گیانیان لەدەستدا و بۆ ماوەی ۷۲ کاتژمێر بەرهەمهێنانی غاز ڕاگیرا. شەوی ٤ی نیسان، ناکۆکیەکانی نێوان مەحەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری سۆشیالیست و عەبدوڵای برای لە گوڵەخانە گەیشتە پێکدادانی چەکداری و پێشمەرگەیەک کوژرا. ڕۆژی ٨ی نیسان بۆ جاری دووەم، بازاڕی لەنگەی هەولێر و ۷ی ئایار قەیسەری هەولێر سوتاو پارتی یەکێتی و پـــ.ـەکەکـ ـ ـ.ــەی تۆمەتبار کرد بە سوتانی بازاڕەکان. لە مانگی ئایارەوە ئۆپراسیۆن و لەشکرکێشی فراوانی سوپای تورکیا لە بادینان دەستی پێکرد. ڕۆژی ٦ی ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوەوە. ڕۆژی ۷ی ئایار دەستەی دادوەری هەڵبژاردن پێنج کورسی لە ۱۰۰ کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتای مەسیحی و تورکمان تەرخان کرد. لە مانگی ئایار، پارتی لیستی کاندیدەکانی بۆ پەرلەمانی کوردستان پێشکەش نەکرد و بەهۆیەوە هەڵبژاردن لە مانگی حوزەیران ئەنجام نەدرا. ڕۆژی ۲٦ی حوزەیران، سەرۆکایەتی هەرێم ۲۰ی ئۆکتۆبەری بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان دیاری کرد. شەوی ۱۰ی ئاب لە ئوتێل ڕەشید لەشاری بەغدا، ڕێبوار تەها بە پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردراو دوای حەوت ساڵ کورد توانی پۆستی پارێزگار بەدەست بهێنێتەوە. ڕۆژی ۱۲ی ئەیلول مەسعود پزیشکیان وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کەمپەینەکەی گەورەترین ڕووداوی ساڵی ۲۰۲٤ بوو و گەرمترین و توندترین کەمپەینی هەڵبژاردن لە نێوان یەکێتی و پارتی بەڕێوە چوو. زۆرترین کاریگەری دروستکرد. بۆ یەکەمجار بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست وەک دوو حزبی نوێ دروست بوون و بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام لە هەڵبژاردنەكەدا گەورەترین شکست بەر لاهور شێخ جەنگی کەوت و حزبەکەی بەدوو کورسی بووە حزبی حەوتەم لەهەرێمی کوردستان. نەوەی نوێ پێگەی سێیەمی لە بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتەوەو بووە حزبی سێیەمی هەرێمی کوردستان و گۆڕانیش ۱۲ کورسیەکەی کرد بە یەک کورسی. هەڵبژاردن بزوتنەوەی گۆڕانی کرد بە دوو باڵ و باڵی ڕێکخەر لەهەڵبژاردندا خۆی تاقیکردەوەو کورسیەکی بەدەستهێنا و پێش هەڵبژاردن بڕیاری کشانەوەیان لە حکومەتدا، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکەیان جێبەجێنەکردووە. کۆمەڵی دادگەری ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕەتکردەوە و بڕیاری بایکۆتی پەرلەمانیدا، بەڵام بەشداری یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکەی دوولەت کرد. ڕۆژانی ۱۹ و ۲۰ی تشرینی دووەم پڕۆسەی سەرژمێری لە هەرێم و عێراق ئەنجامدرا و دوو ڕۆژ قەدەغەی گشتی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا. لە دوا ڕۆژەکانی ساڵی ۲۰۲٤، یەکگرتووی ئیسلامی بەبێ چەند فیگەرێکی دیار، کۆنگرەی ئەنجامدا و سەڵاحەدین بەهادین بۆ جاری هەشتەم بە ئەمینداری یەکگرتوو هەڵبژێردرایەوە. دوا ڕووداوی ۲۰۲٤ هێرش بوو بۆ سەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کە تێیدا دوو چالاکوانی کورد لەو وڵاتە بەهێلکە هێرشیان کردە سەری.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color