بەمەبەستی دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی كارەبای نشتیمانی و هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر، حكومەتی عێراق داوا لەهاووڵاتیان دەكات قەرز وەربگرن بۆ دامەزراندنی ئەو سیستەمە بۆ ئەومەبەستەش دوو ترلیۆن دینار تەرخانكراوە. ئەحمەد مووسا عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق راگەیاند: لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی حكومەتی عێراق بۆ وزەی پاك، بانكی ناوەندی قەرز دەداتە هاووڵاتییان بۆئەوەی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر لە ماڵەكانیان دابنێن ئاماژەی بەوەشكردووە، بانكی ناوەندیی عێراق، بۆ ئەو پرۆژەیە سەرووی دوو تریلیۆن دیناری تەرخانكردووە، هاووڵاتییان دەتوانن قەرز وەربگرن بۆئەوەی ئەو سیستمە بكڕن و لەسەر بانی ماڵەكانیان دایبنێن ئەم كارە بۆ كەمكردنەوەی ئەو بارگرانییەیە كە لەسەر كارەبا هەیە و هانی هاووڵاتییان دەدەن، ئەو قەرزە لە بانكی ناوەندیی عێراق وەربگرن. وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبای عێراق ئەوەشی وتووە، ئێستا بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق 18 هەزار و 700 مێگاواتە، لە كاتێكدا پێویستیان بە زیاتر لە 48 هەزار مێگاواتە، بۆیە خواست و بارگرانییەكی زۆر لەسەر كارەبای نیشتمانی هەیە بەتایبەتی بۆ وەرزی هاوینی داهاتوو، بۆیە هانی هاووڵاتییان دەدەن سوود لەو قەرزە وەربگرن و ئەو پانێڵە دابنێن.