بڕیارە سبەینێ، لیژنەیەکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ ئامادەکردنی بەرنامەی حوکمڕانی هاوبەش کۆببنەوە. بەپێی زانیارییەکانی بوار، بڕیارە سبەی رۆژی سێشەممە، ٧ی کانونی دووەم، ئەو لیژنە هاوبەشەی کە لە دواین کۆبونەوەی لێژنەی باڵای دانوستانی هەردوو حیزب بڕیاری لەبارەوە درا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆببنەوە. بەپێی زانیارییەکان، کۆبونەوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی بۆ ئامادەکردنی بەرنامەی حوکمڕانی هاوبەشە. ئامادەکردنی بەرنامەی حوکمڕانی هاوبەش دوای ڕەخنەو تێبینی بەرپرسانی یەکێتی دێت لە پارتی. لە کۆبونەوەکەدا بڕیار درا لیژنەیەکی هاوبەش بەرنامەی حوکمڕانی هاوبەش بنوسێتەوەو ببێتە بنەمای کارنامەی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم. بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبونەوە هاوبەشەکەی سبەینێی پارتی و یەکێتی هەر یەک لە د.پشتیوان سادق، د. ئومێد سەباح، دڵشاد شەهاب نوێنەرایەتی پارتی دەکەن و هەر یەک لە د. رێواز فایەق، شاڵاو شێخ سەڵاح، د. ئامانج رەحیم نوێنەرایەتی یەکێتی دەکەن.