سەرۆكی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان ڕایدەگەیەنێت كە ئەركی ئێمە پاراستنی ماف و بژێویی ژیانی خەڵكە و رێگەنادەین غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ كەسێك بكرێت، دەشڵێت" هاوكاردەبین بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان" بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بلاویكردەوە، خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان لە راپۆرتێكدا كێشە و داواكارییەكانیان خستەڕوو كە پابەندی رێنمایی و رێكارە یاسایی و ئەمنییەكان دەبن و هاوكاری تەواوی دەزگای ئاسایش و سەرجەم دامەزراوەكان دەبن بۆ پاراستنی ئارامیی سلێمانی. ئاماژەی بەوەشكردووە، خۆمان بە پارێزەری سەرجەم خەڵكی كوردستان دەزانین بەهەموو چین و توێژەكانییەوە، ئەركی ئێمە پاراستنی ماف و بژێویی ژیانی خەڵكە و رێگەنادەین غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ كەسێك بكرێت. سەرۆكی یەكێتی ئەوەشی وتووە، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و دەزگا ئەمنییەكان هەماهەنگ دەبین تاوەكو لەچوارچێوەی یاسا و رێكارەكاندا كێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان چارەسەر بكرێت، بێگومان پابەند بە رێنماییەكانی هاتوچۆ و ئاسایش ئەم كارە دەكرێت و دەبێت یاسا وەك یەك بەسەر هەموواندا جێبەجێبكرێت و نابێت لە كوردستاندا مافی هیچ توێژێكی كۆمەڵگە پێشێلبكرێت و نادادییان بەرامبەر بكرێت، پشتیوانیی هەمووان دەبین و هەرێمێكمان دەوێت تێیدا هەمووان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بكەن و رێز لە مافەكانیان بگیرێت.