جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، ئەگەر سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان داوایان لێ بكات لە بەغدا بكشێنەوە، ئەوا یەكەم كەس دەبم كە دەگەڕێمەوە هەرێمی كوردستان. مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بەمیدیای پارتی ڕاگەیاندووە:لە دوای كۆبوونەوەكەی رۆژی چوارشەممە 8ی 1ی 2025ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، باس لەوە دەكرێت كە یەكێك لە مژارەكانی كۆبوونەوەكە ئەوە بووە كە كورد بە كۆی گشتیی لایەنەكانیەوە وەك هەڵوێستێك بەرامبەر بە بەردەوامبوونی حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر سیاسەتی برسیكردنی خەڵكی كوردستان، كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكشێتەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، كشانەوە كارتێكی كاریگەرە و وا باشە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ئەگەر بە پێویستی زانی لە قازانجی هەرێمی كوردستان و گەلەكەمان دەشكێتەوە، بڕیاری لەبارەوە بدات، پێویستیشە هەموو پەرلەمانتار و بەرپرسانی كورد پابەندی بڕیارەكە بن و لە ئێستاوە من وەك مەریوان قەرەنی، یەكەمین پەرلەمانتار دەبم كە پابەندی بڕیارەكە دەبم و دەگەڕێمەوە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ میللەتی خۆم سەربەرزانە دەژیم. جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئیەیشی وتووە، كێشەی مووچەی هەرێمی كوردستان ماوەی 10 ساڵە لە بەغداوە دروست كراوە و لە لایەن هەندێك دەستە و گرووپی ناوخۆییش نان و پیازی زۆری پێوە خوراوە، بۆیە بە كردەیی كاتی ئەوە هاتووە كە كۆتایی بەو كێشەیە بهێندرێت و بەغدا ناچار بكرێت كە لە ڕیشەوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، بۆیە پشتیوانی لە هەر هەنگاوێك دەكەین كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی گەلەكەمان بە پێویستی بزانێت.