هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ چوار فەوجی سەر بە لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕادەگیرێت و هاوکارییەکەیان پێ نادرێت. هەریەک لە فەوجی دووی لیوای دووی پیادە و فەوجی یەکی لیوای ۱٦ی پیادە لە فیرقەی چوار و فەوجی یەکی لیوای پێنجی پیادە و فەوجی بنکەی مەشقی پیادە لە دهۆک کە نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگەن هاوکاریەکەیان ڕاگیراوە کە مانگانە دەدرێت بە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە. بەپێی زانیاریەکانی بوار، هۆکاری ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ ئەو ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕکێیانە دەگەڕێتەوە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دەکرێن و فەرماندەو ئەفسەری فەوجەکان دەگۆڕن و هەندێک لەو ئەفسەرانە هاوپەیمانان تێبینیان لەسەریان هەیە و لە سیستەم و مەرجەکانی هاوپەیمانان دەرنەچوون. لە ماوەی ڕابردوو ئەم گرفتانە بەردەوام بووە و چەند لیواو فەوجێکی تر بەهەمان شێوە بێبەش کراون لەهاوکاری هاوپەیمانان تا گرفتی فەرماندەو ئەفسەرەکانیان چارەسەر کراوەو هەندێک جار وەزارەتی پێشمەرگە ناچاربووە ئەو فەرماندانە بگۆڕێت کە هاوپەیمانان تێبینیان لەسەریان هەیە.