تۆڕی bbc بەریتانی دوو ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان دەزگای نشتیمانی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و دەزگای ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئاشکرا کرد کە ڕۆژانی ٨ و ۱۲ی ئەم مانگە لە سلێمانی بەڕێوەچووە و سێ کەسی داوا کراو بە کاری قاچاخچێتی گواستنەوەی پەنابەران بۆ ئەوروپا دەستگیرکراون. بەپێی هەواڵەکەی تۆڕی bbc ئەو کەسانەی دەستگیر کراون ئەندامی باندی قاچاخی ئامانج حەسەن زادەن کە ناسراوە بەئامانج زەمان. لەهەردوو ئۆپراسیۆنەکە کە لەئەنجامی زانیاری هەواڵگری دەزگای نشتیمانی بەریتانی دژی تاوان ئەنجامدراوە سێ کەس دەستگیرکراون کە یەکێکیان کەسێکی تەمەن ۳٨ ساڵەو ڕێکخەری گەشتی کۆچبەران بووە لە تۆڕی ئامانج زەمان بەڕێگای یەخت بۆ یۆنان و ئیتاڵیا. کەسی دووەم خاوەنی کۆمپانیایەکی حەواڵەی دراوە و تۆمەتبار کراوە بەناردنی پارە بەڕێگای حەواڵە. کەسی سێیەم لە هەرێم و تورکیا کۆچبەرانی ڕێکخستووە. دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسە دوای دەستگیرکردنی ئامانج زەمان دێت لە بەریتانیا لە کۆتای ساڵی ڕابردوو کە پێشتر بە ۱۷ ساڵ زیندانی بەغیابی حکوم درابوو. مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو ئاسایشی هەرێم لەسەر داوای بەریتانیاو پۆلیسی ئینتەرپول بەرزان مەجید ناسراو بە دووپشکی دەستگیر کرد. کە زیاتر لە ۱۰۰ تۆمەتی لە دادگاکانی بەریتانیا ڕووبەڕوو کراوەتەوەو تۆمەتبار دەکرێت بەگواستنەوەی هەزاران کەس بەقاچاخ لەڕێگای کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا. دەستگیر کردنی دووپشک تا گرتنی ئەندامانی گروپی ئامانج زەمان لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی بەریتانیایە لەگەڵ هەرێم و عێراق بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆچی نایاسایی.