بوار، تایبەت وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایدەكات كە بەم نزیكانە 70 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ تۆڕی نیشتمانی دابین دەكرێت ئەوەش لە ئەنجامی واژۆكردنی گرێبەستێكە لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: رێژەی وەبەرهێنراوی غاز لە ناوخۆی عێراقدا گەیشتووەتە زیاتر لە %67، هاوكات پرۆژەیەك ئامادەكراوە لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا بڕی بەرهەمهێنانی غاز زیاتر دەكرێت، چونكە عێراق ئەمڕۆ غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەكات، ئەوەش تێچووی زۆری بۆ دەوڵەت هەیە. ئاماژەی بەوەشكردووە، پڕۆژەی تۆتال كە لە نێوان عێراق و كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسیدا واژۆ كراوە، دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە و بڕی بەرهەمهێنانی غاز زیاد دەكات و هەر بەپێی پرۆژەكەش سوتانی غازیش لەگەڵ دەرهێنانی نەوتدا كۆتایی دێت. وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی وتووە، دابینكردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە لە ژێر رۆشنایی هەلومەرجی تایبەتی ئێرانی دراوسێدا ناتوانرێت بەردەوام بێت، بەو پێیەی ئەم گازە هەندێكجار دەبڕدرێت یان كەم دەبێتەوە، ئەمەش لە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبادا رەنگدەداتەوە، بە ڕای چاودێرانی سیاسیش پەنابردنی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی غاز لەناوخۆ، وادەكات كە عێراق چیدیكە پێویستی بەغازی هەرێمی كوردستان و ئێران نەمێنێت.