بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی ئاماژە بەوەدەكات هەرێمێكین خاوەن زەوی و حكومەت و پەرلەمان و لەشكرێك كادرین لە بەغدا، گەر كار بگاتە هەڵوێست وەرگرتن، كارتمان زۆر بەدەستەوەیەو سەرئێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەكەین. شوان محەمەد، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە: ئێمە هەرێمێكین لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بوونی كێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا گرفتی گەورە بۆ حكومەتی عێراق دروست دەكات. هەرێمێكین خاوەن زەوی و حكومەت و پەرلەمان و لەشكرێك كادرین لە بەغدا، گەر كار بگاتە هەڵوێست وەرگرتن، كارتمان زۆر بەدەستەوەیەو سەرئێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەكەین. ئاماژەی بەوەشكردووە، هەفتەی ڕابردوو بەهۆی ناكۆكی نێوان شیعەو سونە دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام نەدرا، وەكو فراكسیۆنە كوردییەكان لە كافتریای پەرلەمان كۆبووینەوە، یەكێك لەو خاڵانەی گفتووگۆمان لەسەر كرد بایكۆت كردن و مان گرتن و پەكخستنی ئیش و كارەكانی پەرلەمان بوو، چونكە ناكرێت موچەخۆری هەرێم لەو دۆخەدا بێت و هەڵوێستی جدی وەرنەگرین. بڕیاردەرەكەی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی وتووە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگەنادات عێراقی نوێ میللەتی كورد برسی بكات لەسەر بنەمای درۆی وەزیرو وەزارەتێك، سەرەڕای ئەوەی موچە نانێرێت تۆمەتباریشت بكات، لەكاتێكدا ژمارەكان ڕوونن.