گرنگ

شاندێکی هەرێم بۆ موچە دەچێتەوە بەغدا

2025-01-18

 
شاندێکی حکومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا و ڕۆژی یەکشەممەو دووشەممە، چەند کۆبونەوەیەک لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجام دەدرێت.
بڕیارە سبەی رۆژی یەکشەممە، ۱۹ی کانونی دووەم، لیژنەی تایبەتی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکات لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پرسی ئەو پارانەی لە ساڵی ڕابردوو بۆ هەرێم نێردراون.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ۲۰ی کانونی دووەم، شاندێکی حکومەتی هەرێم کە پێک دێن لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران سەردانی شاری بەغدا بکەن و چەند کۆبونەوەیەک لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ساز بکەن لەسەر پرسی مووچە و پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی داهاتوو.
سەردانی شاندەکەی هەرێم خراوەتە ڕۆژی دووشەممە، چونکە سبەی ڕۆژی یەکشەممە لیژنەی تایبەت کە ڕۆژی ۱۱ی ئەم مانگە دروستبووە بۆ بەدوداچوون لەسەر مووچە و پشکی هەرێم کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق هەیە.
سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دوای ئەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم لە بەیاننامەو ڕونکردنەوەی جیاوازدا وەڵامی یەکتریان دایەوە سەبارەت بەو پارانەی ڕەوانەی هەرێم کراون لەساڵی ڕابردوو.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color