گروپێک پەرلەمانتاری عێراقی بەسەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار هادی سەلامی و مستەفا سەنەد سەرکەوتوو بوون لە تەواو نەکردنی نیساب بۆ دانیشتنی دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجەی عێراق و شکست پێهێنانی دانیشتنەکە.
هادی سەلامی لە پەڕەی تایبەتی خۆی بڵاوی کردووەتەوە گروپێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ناوەڕاست و باشوور دەنگدان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و مادەی ١٢ ڕاگرتووە بەهۆی ڕەچاونەکردنی سەرنج و ناڕەزایەتیەکان لەسەر هەموارەکە و دانانی ۱٦ دۆلار وەک تێچووی دەرهێنان و نەناردنی ڕەشنووسی یاسای خزمەتی شارستانی فیدراڵی و پێوەرەکانی مووچە بۆ بەرنامەی کاری پەرلەمان.
گروپەکەی پەرلەمانتارانی عێراق مەرجی ئەوەیان هەیە پێش دەنگدان لەسەر هەمواری بودجە دەنگ لەسەر یاسای خزمەتی شارستانی بدرێت و بە بڕی تێچووی دەرهێنانی نەوت پێداچونەوەی بۆ بکرێت.
بەپێی ڕەشنوسی هەمواری یاسای بودجە بۆ ساڵی ۲۰۲٥ تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت بە ۱٦ دۆلار دیاری کراوە و کۆمپانیاکانی نەوت بەو مەرجە ڕەزامەندن هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکەنەوە.