بوار، تایبەت
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئاماژە بەوەدەكات لە كۆی 138 پاڵاوگەی نایاسایی تای ئێستا تەنها 54 پاڵاوگەیان داخراون و زیاتر لە 50 پاڵاوگەشیان بەردەوامن لەكاركردن، هاوكات هەندێك لەپاڵاوگەكانیش هەر خۆیان دایانخستووە.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ڕایگەیاند: پێشتر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون، ئێستا 50 پاڵاوگە ماون كە بەردەوامن لەكاركردن و هەندێكیان كەموكورتییەكانیان چارەسەر كردوون، هەروەها 54 پاڵاوگەیان بەهۆی پیسكردنی ژینگەوە داخراون و هاوكات بەشێك لە پاڵاوگەكانیش هەر خۆیان كارناكەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سەردانەكانیان بەردەوامن بۆ چاودێریكردن و داخستنی ئەو شوێنانەی كە نەك تەنیا بۆ پاڵاوگەكان، بەڵكو بۆ ئەو كارگە و موەلیدانەش كە دەبنە هۆكاری پیسكردنی ژینگە ئەوەش بەگوێرەی دویان بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بەداخستنی پاڵاوگەكان.
ئەوەشلەكاتێكدایە كە 12ی ئەم مانگەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان، چوار بڕیاری بۆ پاككردنەوەی هەوای شارەكان دەركرد بەجۆرێك، هەر پاڵاوگەیەك یان هەر كارگەیەك كە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەكان كار بكات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هاوكات رێگە لە هەر پاڵاوگەیەك یان هەر كەس و لایەنێك دەگیرێت كە سووتەمەنیی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە،دەبێت خاوەنی موەلیدەكانی كارەبا، پابەندی ڕێنماییەكانی حكومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر كەسێك سەرپێچی بكات، رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، رێگری لە بەكارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆكان بكرێت كە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەكاردەهێنرێت.