گرنگ

هاتنی شاندی هەرێم بۆبەغدا هیچ كاریگەرییەكی نابێت بۆچارەسەری مووچە

2025-01-20

 

بوار، تایبەت
پەرلەمانتارێكی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی ئاماژە بەوەدەكات سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت، چونكە ئەمە یەكەمجار نییە شاند دەڕوات بۆ بەغدا، بەڵام هیچ دەستكەوتێكیان نەبووە.

 دارا سێكانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو ڕاگەیاند: ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق ئیرادەیەكی بەهێزیان نەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێت، چونكە سەردانی شاندەكانی هەرێم هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت، چونكە ئەمە یەكەمجار نییە شاند دەڕوات بۆ بەغدا، بەڵام هیچ دەستكەوتێكیان نەبووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەموو كات هاوئاهەنگی و لێكتێگەیشتنی باش هەیە لەنێوان هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر ئەو پرسانەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندان، بۆئەوەی پەرلەمان بتوانێت پڕۆژەیاسای گرنگ تێپەڕێنێت، كە یەكێك لەوانە هەمواری یاسای بودجەی گشتییە بۆ دیاریكردنی نرخی تێچووی نەوتی بەرهەمهێندراوی هەرێمی كوردستان، بەڵام نەتواندرا ئەو بابەتە تێپەڕێندرێت.

ئەوپەرلەمانتارەی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێمە زانیومانە لایەنە شیعەكانیش لە چەند رۆژی رابردوودا كۆبوونەوەیان كردووە، تێبینییان هەبووە لەسەر هەمواری یاسای بودجە و بەدڵیان نییە، بۆیە تەنیا یەكێتی و پارتی دەتوانن لەگەڵیان رێكبكەون.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color