لەگەڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە فەرمانی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەكراوە، بەڵام تا ئێستا زۆرینەی فەرمانبەران سودمەند نەبوون لەو بڕیارە هاوكات هەندێك لە شارەوانییەكانیش بەهۆی نەبوونی زەوی پێویستەوە نەیان توانیوە زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكەن.
زانا حەمەشەریف، سەرۆكی شارەوانی بیارە ڕایگەیاند: لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی هەڵەبجە، پێیان گوتووین زەویی فەرمانبەران دەستنیشان بكەین، بەڵام لە بیارە هیچ زەوییەكی تەخت نییە و دەبێت شاخەكانیان بۆ بدڕین، ئەوەش كات و توانایەكی زۆری دەوێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو شاخانە و تەختكردنی و بردنی رێگە بۆی، پێویستی بە گوژمەیەكی زۆر پارە هەیە، بۆیە ئێمە لە پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانمان تووشی كێشە هاتووین.
سەرۆكی شارەوانی بیارە ئەوەشی خستەڕوو، لە نەخشەكەدا 100 زەویمان دەستنیشان كردووە بیدەینە فەرمانبەران، بەڵام هەموویان پێویستیان بە رێككردن و تەختكردن و ئیشكردنێكی زۆرە تا دەبنە زەوییەكی شایستە بۆ فەرمانبەرانمان.