وابڕیارە ئەمشەو شاندێكی تەكنیكی وەزارەتی دارای عێراق بگاتە هەرێم و سبەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارای هەرێم دەست بەكۆبونەوە بكەن. بەپێی زانیاریەكانی بوار ئامانجی شاندەكە لەسەردانی هەولێر دیاری كردنی ژمارەی كۆتایی فەرمانبەرانی هەرێم و دیاری كردنی بڕی پێویستی مانگانەیە بۆ مووچە و چارەسەركردنی گرفتی ژمارە و لیستی مووچەیە لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارای هەرێم و عێراق. ئاماژەبەوەشكراوە، هاتنی شاندی دارای عێراق بۆ هەرێم دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارای هەرێم و ئەندامێتی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارای عێراق سەبارەت بەگرفتی مووچە كۆبونەوە.