کۆمەڵی دادگەری کوردستان وەڵامی پێشنیارەکەی شاسوار عەبدولواحیدی دایەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتی هەرێم بێ پارتی و دەڵێت "فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن". محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە "کاک شاسوار دووەمجارە پێشنیارێک ئاڕاستەی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بێ خەبەر لەوەی کە کۆمەڵ نەک حکومەت، بەڵکو پەڕلەمانی دیزاینکراویشی بۆ جێهێشتوون". ناوبراو وتویەتی "فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن، دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش بە سەد پۆست نەک پەنجا؛ گۆرانکاری نابێت و دۆخەکە چاک نابێت، گەر خراپتر نەبێت".