مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکوک -گەرمیانی پارتی لەبەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ ۲۳ی ۱ بڵاوکراوەتەوە بەتوندی دژی بڕیاری دادگای کارگێڕی عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانی هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی لەسەر ئیدارەی کەرکوک هاتە دەنگ و لەبەیاننامەکەدا هاتووە بڕیاری ڕەتکردنەوەی سکاڵاکان فەسڵێكی دیكە لە خراپ سوودوەرگرتن لە پێگەی دادگاكان لەپرۆسەی دیموكراسی و دەستوریی عێراقدا پێك دێنێت بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی تایبەتی ئەم یان ئەو لایەنی سیاسی و
ئەم بڕیارە پێشێلکاریەکی ڕوونی بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی دەستور و یاسا پێکدەهێنێت.
ڕاگەیەندراوەکەی پارتی ئاماژەی بەوەداوە ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونە بۆ پەراوێزخستنی بەشێك لە پێکهاتەکانی پارێزگاکە و سەپاندنی ئیرادەی سیاسی تاکلایەنەو ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم بڕیارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین کە هەڕەشە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی کەرکوک دەکات، هەروەها دەبینین كە گورزێكی توند لە متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دادوەرییەکان دەدات و هەستی نادادپەروەری و جیاکاری بەهێز دەکات و داوا لە دامەزراوە قەزاییە پەیوەندارەكان دەكەین كە دەرفەتی چاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە لەدەست نەدەن، و یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بكەن و ئەو هەڵوێستە چەوتە ڕاست بکەنەوە.
لەبەشێکی بەیاننامەی پارتی هاتووە
بەئەركی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتیەكان لەبەرامبەر ئەو بڕیارە و پشتگیری تەواوی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و دەستورییەكان بكەین لەپێناو راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی لە ئیرادەی دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكرێت.
دوێنێ ۲۲ی ۱ دادگای کارگێڕی عێراق چوار سکاڵای هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی ڕەتکردەوە دژی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک.