دوای بەیاننامەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی «کەرکوک- گەرمیان»ی پارتی دژی ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانی بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لەلایەن دادگای کارگێڕییەوە سەرکردایەتی «کەرکوکـ سەڵاحەدین»ی یەکێتی بە توندی وەڵامی پارتی دەداتەوە. سەرکردایەتی «کەرکوک- سەڵاحەدین»ی یەکێتی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت «پارتی بە ئاشکرا و بە نهێنی دەستی لەگەڵ نەیارانی ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانی دژ بە پێکهاتەکانی کەرکوک تێکەڵ کردووە و دەیەوێت مۆرکی کوردستانیی بوونی کەرکوک بەو پارێزگایە بسڕێتەوە. لە لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە دادگاکانیش ئەو راستییە روون بووەتەوە کە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەرژەوەندی چ لایەنێک یەکلابووەتەوە، کێ مافی ئەوەی پێدراوە کە ئیدارەی نوێی پارێزگای کەرکوک پێکبهێنێت بە دەستەبەرکردنی 50+1». لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە «ئەوەی کە پارتی بە هاوبەشی لەگەڵ جەبهەی تروکمانی و سیادە دەیکات؛ ئامانج لێی گێڕانەوەی پارێزگاری سەپێنراوی پێشووی کەرکوکە. سەپاندنێتی بە سەر ئیرادەی میللەتەکەمان کە ئەوە خەونی چۆلەکەیە و هەرگیز جارێکی تر روو ناداتەوە. جەماوەری خۆڕاگری کەکوک دڵنیا دەکەینەوە چۆن لە ساتە هەرە قورس و ناخۆشەکاندا جێمان نەهێشتن و بەڵێنمان پێتاندا کۆتایی بە سیاسەتە چەوتەکانی پارێزگاری سەپێنراوی پێشووی کەرکوک بهێنین، ئێستایش بە پشتیوانی خوا و میللەتەکەمان کۆتاییمان بەو پیلانگێڕییە هاوبەشە هێنا کە پارتی سەرکردایەتی دەکات و دەیانویست کەرکوک بگێڕنەوە بۆ پێش 18/12/2023و ئەم ئیدارە گەلپەسندە یاسایی و دەستوورییەی کە هاووڵاتییانی خۆشەویستی کەرکوک متمانەیان پێداوە و حکومەتی خۆجێی سەرجەم پێکهاتەکانە بەبێ جیاوازیی، و هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ لە پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاوەدانی بۆ کەرکوک و دانیشتووانە رەسەنەکەی. وەک هەموو لایەکیشتان ئاگادارن لە ماوەی چوار مانگی دەستبەکاربوونی پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکوک خۆی و تیمەکەی بەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی سەر شانی خۆیان راپەڕاندووە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کەرکوک، و لە ماوەکانی داهاتووشدا بەرهەمەکەی بۆ یار و نەیار زیاتر بەرجەستە دەبێت، بە کوێرایی چاوی دووژمنان». ڕاگەیەندراوی یەکێتی لەکەرکوک وەڵامی ڕاگەیەندراوی ئەم ئێوارەی پارتیە کە دژی ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانی هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی لەلایەن دادگای کارگێڕی لەسەر ئیدارەی کەرکوک بڵاوکرایەوە .