گرنگ

هەر یەک لە مامۆستا هەرمان بێسفکی و هونەرمەند ژینێ ئەتروشی سکاڵا لەسەر یەکتر تۆمار دەکەن

2025-01-28

 

مامۆستایەکی دیاری ئاینی پارێزگای دهۆک و هونەرمەندی گۆرانیبێژ ژینێ ئەتروشی لە دادگای دهۆک سکاڵا لە دژی یەکتر تۆمار دەکەن. هونەرمەند ژینێ ئەتروشی دژی کوشتنی سەگی بێلانە لە پارێزگای دهۆک هەڵوێستی وەرگرت و ڕایگەیاند لای ئەو یەکەم توێژ کە دەبێت مافی پارێزراو بێت ئافرەتانن و پاشان دەبێت مافی منداڵان پارێزراو بێت. دوای ئەو دوو توێژەش دەبێت مافی سەگ پارێزراو بێت پاشان مافەکانی پیاوان. ئەو هەڵوێستەی ئەم هونەرمەندە کاردانەوەی جیاوازی دروستکرد و بەشێکی چین و توێژە جیاوازەکان ئەم هەڵوێستەیان وەک دژایەتی و سوکایەتی بە پیاوان لێکدایەوە. دیارترین ئەو کەسانەشی کە هەڵوێستی هەبوو لەسەر ئەم بابەتە مامۆستای دیاری ئاینی پارێزگای دهۆک مامۆستا هەرمان بێسفکی بوو کە هێرشی تووند کردە سەر ئەو هونەرمەندە و ڕایگەیاند «کە قبووڵی ناکەن کەسێک لە ئەورووپا شیری مەیموون و بەرازی خواردبێت لە دهۆک سووکایەتیی بە دینەکەمان بکات». هونەرمەند ژینێ ئەتروشی ڕایگەیاند لە دادگای دهۆک سکاڵای دژی ئەو مامۆستایە و چەند کەسێکی دیکە تۆمارکردووە. چونکە جگە لەوەی سوکایەتی پێکراوە هەڕەشەی کوشتنیشی لێکراوە. لەبەرامبەردا ئەو مامۆستا ئاینییە و داواکاری گشتی دهۆک بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام سکاڵایان لە دژی ئەو هونەرمەندە تۆمارکردووە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color