بەمەبەستی دەتسكردنەوە بە هەناردەكردنەوەی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكان، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق شاندێك دەنێرێتە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پشكنینی مریشكی زیندووی ناو كێڵگە پەلەوەرییەكان، لەكاتێكدا پێشتر هەرێم نمونەی پشكنینی ناردووە عێراق متمانەی پێنەكردووە رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ لەوەزارتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و نموونەی مریشكی زیندووی ناو كێڵگە پەلەوەرییەكانیان وەرگرتووە بۆ پشكنین بە مەبەستی دڵنیابوونەوەیان لە تەندروستبوونی مریشكەكان و نەبوونی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە. ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشتر خۆشمان سامپڵمان بۆ ناردوون كە مریشكەكان خاوێنن، بەڵام ئەوان هەر رێگەیان نەداوە و ئێستا شاندی خۆیان هاتوون بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر، هاوكات یەكێك لەو هۆكارانەی عێراق رێگە نادات مریشكی هەرێمی كوردستان ببرێتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئەوەیە كە دەڵێن گوایە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای پەلەوەر هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هەرێمی كوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی پەلەوەرخانەكان، هەرێمی كوردستان تەواو پشت بە نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەبەستێت، بۆیە رێگەدان بە هەناردەكردنەوەی گرنگە بۆ خاوەن پەلەوەرخانەكان.