یەکێتی نیشتیمانی كوردستان، گۆڕانکاری لە پۆستە حکومیەکانی دەکات و ئەو بەرپرسانەی دەگۆڕێت كە ماوەیەکی زۆرە لە پۆستدان. یەکێتی بڕیاریداوە گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکانی لەسەر ئاستی قەزاو پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بکات و بەشێکی زۆری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بگۆڕێت. بەپێی زانیارییەكان، بۆ گۆڕانکارییەکان یەکێتی سنوری خۆی بۆ شەش ناوچە دابەش کردووە و یەک بەدوای یەک گۆڕانکاری لە پۆستە حکومیەکانی ئەو ناوچانە دەکات کە بریتین لە سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە و چەمچەماڵ و کۆیە. بەپێی زانیارییەكان، گۆڕانکارییەکان لە ئیدارەی ڕاپەڕینەوە دەست پێدەکات و چەند گۆڕانکارییەک کراون و بڕیارە دوای ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین گۆڕانکاری لە سلێمانی و دواتر لە هەڵەبجە و شارەزوور بکرێت و داواتر لە ئیدارەی گەرمیان و پاشان چەمچەماڵ و دواتر لە قەزای کۆیە. لە گۆڕانکارییەکان سەرجەم ئەو بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر و بەرپرسی فەرمانگانە دەگۆڕێت کە ماوەیەکی زۆر لە پۆستدا ماونەتەوە و کەسی تر لە شوێنیان دادەنرێت. گۆڕانکارییەکان پۆستەکانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانیش دەگرێتەوە و بەشێکیان لادەبرێن و گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت.