گیان لە دەستدانی وریا حەمە کەریم، دەبێتە هۆی ئاشکرا بوونی قاچاخچیێتی. بەرە بەیانی ئەمڕۆ ٦ی شوبات، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای «سلێمانی- عەربەت» ڕۆژنامەنوس وریا حەمەکەریم گیانی لەدەستدا. بەپێی زانیارییەکان، ئەو بارهەڵگرەی کە لە ڕووداوەکەدا وەرگەڕاوەو شۆفێرەکەی ئێرانییە بە قاچاخ لە دەروازەی پەروێزخانەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان. ئەو بارهەڵگرەی تەماتەی بارکردووە و بارەکەی نایاسایی و قاچاخە و بەنایاسایی لە دەروازەی پەروێزخان ڕێگەی پێدراوە و هاتووەتە ناو هەرێم و بەڕێوە بووە بۆ سلێمانی. بە پێیی نوسراوی ژمارە(٥٢١) لە ٢٢/١/٢٠٢٥ بەر لە دوو هەفتە دەرچووە و نابێت تەماتە لە دەرەوە هاوردەی هەرێم بکرێت. نوسراوەکە واژۆی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی لەسەرە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ کراوە. لە نوسراوەکەدا دەروازەکان پابەند کراون لە ۲٦ی ۱ بەدواوە ڕێگا بە هاوردەی تەماتە نەدەن. هاتنەناوەوەی ئەم بارە تەماتەیە لە دەرەوەی ئەو بڕیارەو لە چوارچێوەی قاچاخدا هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستان. بارەکەی زیاد لە ڕادەی خۆی بووە و بەهۆیەوە ئۆتۆمبیلەکە کۆنترۆڵ نەکراوەو ڕووداوەکەی ئەمڕۆی لێکەوتەوە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنوس وریا حەمە کەریم و هاوڵاتیەکی تر بەناوی محمد عەبدوڵا.