بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات ، ئاستی ئاوی بەشێك لە بەنداوەكان بەراورد بەرارود بە ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە، بەڵام لە بەنداوی دووكان ڕێژەكە كمتەر لە ساڵی ڕابردوو. ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ڕاگەیاند: ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لە سێ رۆژی رابردوودا نزیكەی 30 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، هاوكات لە بەنداوی دهۆكیش نزیكەی پێنج مەتر ئاستەكەی لە پار بەرزترە، بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان كەمێك كەمترە بەراورد بە هەمان كاتی ساڵی رابردوو. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێستا بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە، كاركردن لە 11 بەنداو وەستاوە كە دووانیان بەنداوی گەورەن، بەجۆرێك لە سنووری هەولێر بەنداو هەیە بۆ 100 ملیۆن دینار كارەكانی وەستاون و چاوەڕێی چارەسەربوونی كێشەی نەختینەین لە بانكەكان دەكەین بۆ تەواوكردنی ئەو بەنداوانە. بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق پلانی هەیە لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی ئاو كۆببێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ رێككەوتنێكی واژۆكراو لەنێوان عێراق و دراوسێكانی بەتایبەتی ئێران لەئارادا نییە، هەروەها كۆبوونەوەكانیش بۆ ئەم پرسە بە سستی بەڕێوەدەچن، لەكاتێكدا سەرچاوەی ئاوی بەشێك لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ئەو رووبارانەیە كە لە توركیا و ئێرانەوە دەڕژێنە نێو هەرێمی كوردستان، بەڵام ساڵانە گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی داهاتی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.