دوای ئەوەی بە نوسراوێكی پارێزگاری موسڵ 14 بەرپرسی یەكەئیدارییەكانی موسڵ لەناویاندا قایمقامی مەخمور لە پۆستەكانیان بەخشران، یەكێتی بەفەرمی جێگرەوەی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاریكرد. میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە كە بەپێی رێكەوتنی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، قایمقامیەتی مەخمور پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە و (سەردار سیامەند) ئەو پۆستە وەردەگرێت، كە ئێستا بەرپرسی مەڵبەندی قەرەچوغە. رەشاد گەڵاڵی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 20ی رێكخستنی قەرەچوغ بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە: لە ئێستادا 14 بەرپرسی یەكە ئیدارییەكانی سنوری موسڵ بە بڕیاری پارێزگار لە پۆستەكانیان بەخشراون و لادراون، بە بڕیارێكی دیكەش كەسانی دیكە لە جێگەیان دەستبەكار دەبن. ئاماژەی بەوەشكردووە، فەرمانەكە زۆر گرنگە چونكە دوای رەتكردنەوەی ئەو سكاڵایانەیە كە دژبە پۆستەكانی موسڵ لە دادگا تۆمار كرابوون،دوای رەتكردنەوەشیان پارێزگاری موسڵ بڕیاری دەكرد كە هەر 14 بەرپرسی یەكە ئیدارییەكان لە پۆستەكانیان ببەخشرێن.