گرنگ

پارتی بەفەرمی وەڵامی نەسیحەتەکانی عەلی باپیری دایەوە

2025-02-11

 

لەبەرامبەر ئەو وتانەی کە ئەمڕۆ عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردبوون لە ڕێگریکردن لە چوونی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ هەولێر، پارتی بەفەمی وەڵامی عەلی باپیری دایەوە. ئەمەش دەقی وەڵامی پارتیە بۆ عەلی باپیر وەڵامێك بۆ نەسیحەتەكانی م. عەلی باپیر بەڕێز م. عەلی باپیر زۆر سوپاس بۆ نەسیحەتەكانت كە لە پۆستێكی فەیسبووكی خۆت لە ئێوارەی 11ی شوباتی 2025ـدا بڵاوت كردووەتەوە،بەڵام دەبوایە هێندەك بە ئینسافەوە بدوێیت، بەڕێزت یەكێك لەوانەی زۆر چاك شارەزای پارتیت و دەزانی پارتی چیی بۆ ئەم وڵاتە كردووە. ئاماژەبەوەشکراوە، پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە گەلی كوردستان بە سەربەرزی بژییت و لەو پێناوەدا تێكۆشاوە و خوێنی داوە و مێژوویەكی ڕووناك و دوورودرێژی لە خەبات و تێكۆشان و دەستكەوتی گەورە هەبووە و لە داهاتووشدا دەیبێت. ئەوەشهاتووە، پارتی خۆی بەرپرسیار دەزانێ لە چارەنووسی گەلی كوردستان و لە دەیان وێستگەدا لەپێناو بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و لەپێناو تەبایی و ئارامی و پێكەوەییدا لە مافی خۆی خۆش بووە و هەردەم باجی هەڵوێست و بەرپرسیاریێتییەكانی داوە و بووەتە ئامانجی تیری ناحەزانی گەلی كوردستان. هەر لەوەڵامی عەلی باپیردا پارتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، پارتی شانازی بەم بەرپرسیارێتییەوە دەكات و لە سەنگەری پێشەوەی پاراستن و بەرگرییكردن بووە لە كوردستان و ئەمەی بە كردەوە سەلماندووە. پارتی ڕوو لەعەلی باپیر دەڵێن" باسی ستەملێكراو و مووچەتان كردووە، لە بەڕێزتان دەپرسین ئایا ڕۆژێك لە ڕۆژان پرسیارتان كردووە كێ قووت و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە و بۆچی ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڵوێستتان لەبەرانبەر ئەو زوڵم و نانبڕین و دوژمنكارییە نەبووە كە دژی گەلی كوردستان بەڕێوەچووە؟ " لەو ستەمەی كە لە خەڵكی كوردستان كراوە نەك تەنیا سلێمانی بەڵكو هەولێر و دهۆك و گەرمیان و بارزان و بادینان و هەڵەبجە و سەرتاسەری كوردستان بەر ئەو ستەمكاری و پێشێلكارییە كەوتوون. نانبڕین و ستەمكارییەكە جگە لە مامۆستا بەڕێزەكان، خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بریندار و پێشمەرگە قارەمانەكان و منداڵی ناو بێشكە و سەرجەم چینوتوێژەكانی كوردستان گرتووەتەوە و نەمانبینی ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڵوێستتان هەبێ لەسەر ژیانی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان كە خۆیان فیدای كورد و كوردستان كردووە. ڕۆژێك لە ڕۆژان نەمانبینی ئینسافتان هەبێت و عادل و بوێر بن و پەنجە لەسەر ڕاستیەكاندا بنێن و بڵێن كێ لە پشتەوەی بڕینی قووت و مووچەی خەڵكی كوردستانە. خەڵكی كوردستان بە هەموو چینوتوێژەكانەوە مافی خۆیانە داواكارییان هەبێت بەڵام هیچ كات لەگەڵ تێكدان و ئاژاوە نین و لەگەڵ ئەوەش نین هەندێ لایەن یاری بە هەست و سۆزیان و چارەنووسی وڵات بكەن، حەز دەكەین بەڕێزیشت لەوە دڵنیا بن كە پارتی لە هەموو بارودۆخێكدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و مومكین نیە ڕێگە بە تێكدان و یاریكردن بە چارەنووسی گەلی كوردستان بدات. سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان 11ی شوباتی 2025

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color