لەگەڵ ئەوەی لە هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەكانەوە باس لە لابردنی ژمارەیەك لە كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی دەكرێت لە سەر ڕێگای دوكان تاسڵوجە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕەتیدەكاتەوە كامێراكان لاببەن بەڵكوو كامێرای پێشكەوتووتر دادەنرێن. لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئەوەهاتووە، چەند رۆژێكە دەنگۆ و پڕوپاگەندەیەك لە هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن و پەیج و ماڵپەڕەكان بڵاوبووەتەوە كە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی كامێراكانی رێگای دوكان–تاسڵوجە یاخود لە هەندێك شوێنی وەك شەقامی نێوان تاسڵوجە و راپەڕینی لێكردبێتەوە، ئەم هەواڵانە چەواشەكارییە و دوورە لە راستییەوە. ئاماژەبەوەشكراوە، كامێراكان وەك هەر ئامێرێكی دیكە پێویستی بە چاككرنەوە یان گۆڕینە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بەهیچ جۆرێك لە هیچ شەقامێك كە كامێرای داناوە لای نابات، بەڵكو لە هەندێك شوێن كامێراكان بە سیستمێكی نوێ وە جۆری كامێرای پێشكەوتووتر لەڕووی كوالێتییەوە دادەنرێن. بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سیستمی كامێراكان بەرنامەیەكە كار دەكات بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ وە لە هەر شوێنێكش دانرابێت بە تایبەتی سیستەمی پۆینت تو پۆینت ژمارەی گیانلەدەستدانەكانی ئێجگار كرمكردووەتەوە، بۆیە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی لابردنی كامێرا وادەكات شۆفێر خێرایی زیادبكات بەوەش هەم ئەگەری روودانی رووداوی هاتوچۆ زیاددەكات هەم شۆفێر تووشی سزادەبێت.