بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عێراق كە واژووی تەیف سامی لەسەرە ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر موچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم كێشەی تێكەوتووە. بەپێی ناوەرۆكی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر موچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم، دەبوو هەرێم مانگانە نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە. لە چەند رۆژی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی 51 ملیار دیناری وەك داهاتی نانەوتی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵی گەڕاندەوە. بەپێی نوسراوی ژمارە (٤٢٤٦ كە لە ١٧/٢/٢٠٢٥) پشت بەست بەنوسراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیران ژمارە ( ٣٠٠٥/٢٥١٢٥٤ لە ٢/٢/٢٠٢٥) لەگەڵ لیستی موچەی مانگی شوباتی ٢٠٢٥ و مانگەکانی دیکە داوای بەپەلەی ژمارەی بانکیی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات بۆ توطين بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە دادگای فیدراڵی دیاریکردووە. بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی دارایی عێراق داوای داهاتی ناوخۆ دەکات و ڕازی نییە بەو ٥١ ملیار دینارەی کە بۆ مانگی (١) هەرێم وەک داهاتی ناوخۆ گەڕاندیەوە بۆ دارایی عێراق. لەخاڵی کۆتایی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی، داوای داهاتی نەوت دەکات بخرێتە سەر ئەو هەژمارەی وەزارەتی دارایی عێراق لەبانکی ناوەندی بەژمارە (٣٠٠٩٠٠) کردویەتیەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە تائێستا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێنەكردووەتەوە تا هەرێم بتوانێت داهات بخاتە سەر ئەو هەژمارە.