ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری پارتی سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ شاندی یەکێتی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم دەکەن. بەپێی زانیاریەکانی بوار، شاندی پارتی بەسەرۆکایەتی هۆشیار زێباری و ئەندامێتی پشتیوان سادق و دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح دەبێت. شاندی یەکێتی پێک دێت لە قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق و دەرباز کۆسرەت و نزار ئامێدی و ئامانج ڕەحیم. شاندەکە گفتوگۆ لەسەر ئەو ڕەشنوسە دەکات کە لە ماوەی ڕابردوو ئامادەکراوە وەک نەخشە ڕێگای کابینەی دەیەمی حکومەت. کە نۆ تەوەر دەگرێتەوە و بریتین لە تەوەری سیاسی و دارایی و پەرلەمان و پەیوەندییەکان و دۆسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێشمەرگە و نەوت و غاز و دەسەڵاتی کارگێڕی و دادوەری. بڕیارە شاندەکە گفتوگۆ لەسەر خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردولا بکرێت و بژاردەکانی ڕێککەوتن دیاری بکات، تا زەمینەسازی ڕێکەوتنی کۆتایی بکرێت.