گرنگ

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق: كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دەستبكەنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت

2025-02-22

 

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە كە لە كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەخت لەوە كراوەتەوە كە پێویستە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەستبكەنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت و دوبارە هەناردەكردنەوەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە. نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، محەمەد شەیاع سودانی ئەمڕۆ شەممە پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و گرنگترین دۆسیە و بابەتەكانی سەر ئاستی نیشتمانیان تاوتوێكرد و بەدواداچونیان بۆ بەرەوپێشچونی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت لەبوار و كەرتە جیاجیاكاندا كرد سودانی ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامبون لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە هاوبەشەكان كرد، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پەسەندكردنی دوایین هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەشێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی بكات و ئابوری عێراق بەهێز بكات و پێداویستییەكانی گەلەكەمان بەدی بهێنێت لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە، جەخت كرایەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەستبكەنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت و دوبارە هەناردەكردنەوەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color