وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات، بەهۆی خانەنشین بوونی زیاد لە دوو هەزار و 500 پزیشك و كارمەندی تەندروستی بۆشایی زۆر گەورە لە كەرتی تەندروستی هەرێم دروستبووە، هاوكات تا رێكخستنەوەی خشتەكانی بودجە و میلاكات لە عێراق و هەرێمی كوردستان دامەزراندن راگیراوە. د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی دامەرزاندن ماوەی چەند ساڵێكە راگیراوە كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لەناو بۆشاییەكی گەورەی میلاكاتدا بووە، هاوكات كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و خانەنشینكردنی زیاتر لە دوو هەزار و 500 پزیشك و كارمەندنی تەندروستی هێندەی دیكە بۆشاییەكەی فراوانتر كردوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، تا رێكخستنەوەی خشتەكانی بودجە و میلاكات لە عێراق و هەرێمی كوردستان دامەزراندن راگیراوە، بەڵام لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ داوكاری دامەرزاندن دەچێتە بەغدا. وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بۆچارەسەركردنی گرفتی كەمی میلاكات لە كەرتی تەندروستی پێویستمان بە 10 هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی بە ناونیشانە جیاوازەكان هەیە بۆمان دابمەزرێندرێت.