گرنگ

مالیکی دەیەوێت لە ڕێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە سودانی ناچار بە دەست لە کارکێشانەوە بکات

2025-02-24

 

چەند پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و بەدیاری کراوی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ کردووە و لۆبی لەناو پەرلەمانتاران دروست دەکەن تا هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەجۆرێک بکەن ڕێگری بکەن لەوانەی لە پۆستی حکومیدان خۆیان هەڵبژێرن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. بەپێی پڕۆژەکەی فراکسیۆنی مالیکی دەبێت ئەوانەی پۆستی حکومی لە سەرۆک وەزیران و وەزیر و پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو بەرپرسانی فەرمانگەکان بۆیان نەبێت خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق کاندید بکەن و مەرجی کاندید بونیان پەیوەست بێت بە چۆڵکردنی پۆستەکانیان و دەست لەکارکێشانەوەیان بەر لە شەش مانگ پێش هەڵبژاردن. پاساوی پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاساو بەشێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ  هەموارەکە ڕێگرتنە لە بەرپرسانی حکومی و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان پڕۆژەکانی حکومەت و دامەزراندنەکان بۆ سودی خۆیان لە هەڵبژاردن بەکار بهێنن. بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکی ئەم  جوڵەیەی مالیکی ڕێگرتنە لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تا نەتوانێت لە دەرەوەی ئیرادەی چوارچێوەی هەماهەنگی لیستی خۆی هەبێت و لەمپەری بۆ دروست بکرێت نەتوانێت سەرۆکایەتی هیچ لیستێک بکات، چونکە چوارچێوەی هەماهەنگی ترسیان هەیە سودانی هاوشێوەی عەلاوی و مالیکی و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو لیستی هەبێت و چوارچێوەی هەماهەنگی نەتوانن لەیەک کاتدا ڕکابەری سودانی و ڕەوتەکەی سەدر بکەن. هەموارە دڵخوازەکەی مالیکی پێشوازی پەرلەمانتارانی لێ دەکرێت بەتایبەت ئەو پەرلەمانتارانەی دەیانەوێت جارێکی تر خۆیان کاندید بکەنەوە و پشتیوانی دوورخستنەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن لە ڕکابەری کردنیان.

بڵاوی بکەوە