گرنگ

بێستون فایەق، راوێژكاری بافڵ تاڵەبانی بۆ بوار: پێموایە لە ئایندەیەكی نزیكدا پڕۆژەی بە بانكیكردنی مووچە لە سلێمانی دەست پێدەكات

2025-03-04

 

بێستون فایەق، راوێژكاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێیوایە لە ئایندەیەكی نزیكدا پڕۆژەی بە بانكیكردنی مووچە لە سلێمانی دەست پێدەكات، دەربارەی ئەوەی دابەشكردنی مووچە بەشێوەی بانكی بە "هەژماری من یان تەوتین"، دەبێت، دەڵێت "وردەكاری لای من نییە، بەڵكو لیژنەی تایبەتمەند هەیە، بەڵام پڕۆژەی بە بانكیكردنی مووچە دەبێت دەست پێدەكات و فەرمانبەران بەشێوەی تەقلیدی مووچە وەرنەگرن ئەوە ئەسلێ بابەتەكەیە". هەفتەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وردەكاری پڕۆژەی هەژماری من قسەی نوێی كرد و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش رایگەیاند "گرنگ مووچەی فەرمانبەران بێ دواكەوتن دابەش بكرێت و بە گوێنی دابەش نەكرێت" كاردانەوەی زۆریان دروستكرد، بەو پێیەی یەكێتی پێشتر جەختی لە تەوتین دەكردەوە، بەڵام رای بۆ هەژماری من گۆڕیوە. بێستون فایەق، راوێژكاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی بە بواری راگەیاند "قسەكەی كاك قوباد تاڵەبانی بۆ هاتنی مووچە تەواوە، گرنگ ئەوەیە جارێكی دیكە مووچەكە نەكەوێتەوە بەر لێبڕین، ئەسڵی بابەتەكە ئەوەیە مووچە لە كاتی خۆیدا بێت و بە سیستەمێكی پێشكەوتووی بانكی دابەش بكرێت، بۆیە قسەكەی كاك قوباد سەداسەد تەواوە، دەبێت ئێمە ئەو مەسەلەیە تێپەڕێنین كە مووچە بەشێوەی تەقلیدی دابەش بكرێت". ناوبراو روونیكردەوە "هەژماری من، پڕۆژەیەكی بانكییە لە هەرێمی كوردستان خودی نووسینگەی سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی كردووە، تەوتینیش پڕۆژەیەكی عێراقییە و بانكە عێراقییەكان سەرپەرشتییان كردووە، قسەی ئەساسی لەم پڕۆسەیە ئەوە بوو كە یەكێتی و خودی كاك بافڵ نیگەران بوون و لەوە دەترسان كە مووچە جارێكی دیكە پاشەكەوت بكرێت و درەنگ بكەوێت، بۆیە گومانمان لە هەموو ئەو پڕۆسانە هەبوو كە لەڕێگەیانەوە مووچە دابەش بكرێت، بۆیە ئەگەر مووچە لە كاتی خۆیدا بكرێت ئەوە ئەسڵی بابەتەكەیە، چونكە یەكێتی خۆی بە خاوەنی بیرۆكەی بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران دەزانێت و كاك قوباد بنەماكانی بە بانكیكردنی مووچە دانا و سەرپەرشتی كرد". سەبارەت بەوەی كە دوای لێدوانەكانی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، ئێستا لە نێو شەقامدا دەوترێت یەكێتی لە تەوتین پەشیمان بۆتەوە؟، بێستون فایەق وتی "ئەسڵی بابەتەكە ئەوەیە یەكێتی دەیەوێت دڵنیایی پێبدرێت لە هەر پڕۆژەیەكی بە بانكیكردن كە لە كوردستان بەسەر فەرمانبەران جێبەجێ دەكرێت جارێكی دیكە پاشەكەوت و لێبڕین و دواكەوتن تووشی فەرمانبەران نەبێتەوە، ئێستا هیچ پرۆسەیەكی بانكی لە سنووری سلێمانی جێبەجێ ناكرێت، بۆیە ئێستا تیمە فەرمییەكانی یەكێتی كە پەیوەندیدارن بەو كەیسە خەریكن بۆ دروستكردنی سیغەیەك تا سلێمانی بێبەش نەبێت لە سیستەمی بانكی و پێموایە لە ئایندەیەكی نزیكیشدا پڕۆژەی بە بانكیكردن لە سلێمانی دەست پێدەكات، چونكە وەك كاك قوباد وتی ناكرێت بە گوێنی مووچە دابەش بكرێت". هەر دەربارەی ئەوەش دابەشكردنی مووچە بەشێوەی بانكی بە "هەژماری من یان تەوتین"، دەبێت، راوێژكاری بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "وەك وتم وردەكاری لای من نییە، بەڵكو لیژنەی تایبەتمەند هەیە، بەڵام پڕۆژەی بە بانكیكردنی مووچە دەبێت دەست پێدەكات و فەرمانبەران بەشێوەی تەقلیدی مووچە وەرنەگرن ئەوە ئەسلێ بابەتەكەیە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color