ئەمینداری بزوتنەوەی بابلیون هێرشی توند دەکاتە سەر پرۆژەی هەژماری من و بە پڕۆژەیەکی سەربە بنەماڵەی بارزانی و پارتی ناودەبات، جەختیش دەکاتەوە کە پارتی دەستەڵاتی لەحکومەتی عێراق زیاترە. ڕەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیۆن لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئەلعەهدی سەربە عەسـ.ـائیبی ئەهلی حـ.ـەق،ڕایگەیاند: پڕۆژەی هەژماری من پڕۆژەیەکی بانکی سەربە بنەماڵەی بارزانی و پارتیە و دژی تەوتینی مووچەیە کە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەرداوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، پارتی دەستەڵاتی لە حکومەتی عێراق زیاترە و لە هەموو جومگەکانی عێراق بەشدارە کەچی بەغدا ناتوانێت پۆلیسێک لەهەولێر دابنێت. ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیون ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمەریکیەکان لە عێراق ناکشێنەوەو هەولێر دەکەنە ناوەندی مانەوەیان و لەوێوە بازرگانی دەکەن، و پارتیش کاردەکات بە لۆبی کردن دژی سیستەمی دادوەری عێراقی لە ئەمەریکا و تا لەو ڕێگایەوە سزای عێراق بدرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە یەکێتی لە ماوەکانی ڕابردوو دژی هەژماری من بوو، بەڵام لە ئێستادا گۆڕانکاری لە هەڵوێستیدا ڕوویداوە و نزیکە لەوەی پڕۆژەکە قبوڵ بکات.