بەبۆنی یادی ڕاپەڕینەوە سەرۆكی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوەدەكات كە ئەمڕۆ بە شكۆدارییەوە یادی راپەڕینی ئازاری ١٩٩١ دەكەینەوە. لە پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم ئەوەهاتووە، راپەڕین وێستگەیەكی مێژوویی و چارەنووسساز و ویستی پۆڵایینی كوردستانییان بوو لە رووبەڕووبوونەوەی دیكتاتۆری و ستەمكاریدا. ئاماژەی بەوەشكردووە، گەلی كوردستان بە باوەڕێكی پتەو بە دادپەروەریی دۆزەكەی، یەكڕیز و یەكگرتوو، لەسەر بنەمای ئازادی، شكۆ و دادپەروەری، راپەڕی و دەرگای بە رووی داهاتوویەكی نوێدا كردەوە. سەرۆكی هەرێم ئەوەشی وتووە، پاراستنی دەستكەوتەكان و مسۆگەركردنی مافی نەوەكانی داهاتوومان، بە یەكڕیزی، یەكگرتوویی و لێكگەیشتنی هەموو هێز و پێكهاتەكان دەكرێت.